بەرگریی ئیسلامی لە عێراق پاداشتێکی 150 ملیۆن دیناری رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
گرووپی "بەرگریی ئیسلامی لە عێراق" بڕی 150 ملیۆن دینار وەک پاداشت بۆ هەر کەسێک دیاری دەکات کە زانیاریی ورد لەبارەی شوێنی بەرپرسانی سەربازی و هەواڵگریی ئەمریکا لە عێراق پێ بدات، بە مەبەستی "دەستگیرکردن"یان.
لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی هەینی، 13ی ئاداری 2026 بڵاوکراوەتەوە، گرووپی ناسراو بە "بەرگریی ئیسلامی لە عێراق" بانگەشەی ئەوە دەکات کە "تووندکردنی گەمارۆکان" لەسەر هێزەکانی ئەمریکا، وای لێکردوون بژاردە ئەمنییەکانیان کەم ببێتەوە و پەنا بۆ شوێنە مەدەنییەکان ببەن وەک جێگرەوەیەک کە پێیانوایە پارێزراوترە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو گرووپە پاداشتێکی دارایی بە بڕی 150 ملیۆن دیناری عێراقی بۆ هەر کەسێک (چ عێراقی بێت یان بیانیی دانیشتووی عێراق) تەرخان کردووە کە زانیاریی پێشوەختە و وردیان پێ بدات.
بەرگریی ئیسلامی مەرجی وەرگرتنی پاداشتەکەی بەستووەتەوە بەوەی کە زانیارییەکان "ببنە هۆی دەستگیرکردن یان بێلایەنکردنی مەیدانیی (کوشتن یان پەکخستنی) بەرپرسانی پلەباڵای سوپای ئەمریکا یان توخمە سەرکردەکانی ئاژانسە هەواڵگرییەکان."
سەبارەت بە رێکاری رادەستکردنی زانیارییەکان، لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە دەبێت لە رێگەی "کەناڵە ئارامەکانەوە بێت لەو بارەگایانەی سەر بە (گرووپەکانی بەرگری) کە لە سەرتاسەری عێراقدا بڵاون."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، ئەو گرووپە بەڵێنی "نهێنیپارێزیی تەواو" بۆ سەرچاوەی زانیارییەکان دەدات و دەڵێت، پاراستنی ناسنامەی ئەو کەسانە بەپێی "رێکارە ئەمنییە تووندەکان" دەبێت.
ئەم بەیاننامەیە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان گرووپە چەکدارەکان و هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و عێراقدا، بەردەوامییان هەیە و چەندین جار بنکە و بارەگاکانی یەکدییان کردووەتە ئامانج.