لە چوار ناوچەی بندەستی سێ گرووپ بە سێ جۆر درۆن هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان

 
رووداو دیجیتاڵ

لە چوار ناوچەی هاوسنووری ژێر دەسەڵاتی سێ گرووپی چەکداری سەر بە حەشدی شەعبی، لە رێگەی سێ جۆر درۆنی دروستکراوی خۆجێی هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، دوورترین ناوچەیان کەمتر لە 80 کیلۆمەترە.
 
لە 28ی شوباتەوە کە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە، گرووپە چەکدارەکان دەستیان لە هەرێمی کوردستان نەپاراستووە و رۆژانە هێرشیان کردووە، بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، ئەو گرووپانە و هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی 13 رۆژدا 280 درۆن و مووشەکیان ئاراستەی هەرێمی کوردستان کردووە.
 
ئامانجەکان دیارن، کە زۆرینەیان دامەزراوەی سڤیلن، بەڵام جۆر و شوێنی گریمانەیی ئاراستەکردنی درۆنەکان و ئەو هێزانەی لەو ناوچانە بەرپرسن رانەگەیێنراوە، رووداو لە بەدواداچوونێکدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و کارگێڕی سنووری پارێزگاکانی نەینەوا، سەلاحەدین، کەرکووک، زانیاریی لەوبارەیەوە دەست کەوتووە.
 
هەندێجار چەند گرووپێک بەرپرسیارێتى خۆیان لەو هێرشانە رادەگەیێنن، کە بە ناو پێکهێنەرى فەرمى دەستەى حەشدى شەعبی نین لەوانە ئەولیا دەم و ئەسحابولکەهف، بەگوێرەى بەدواداچوونى رووداو، ئەو گرووپانە رووکەشى گرووپە چەکدارەکانى دیکەن بۆ شاردنەوەى بەرپرسیارى راستەقینەى هێرشەکان.
 
نەینەوا، دەشتی هێرش
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکان و بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئەمنیی ناوچە هاوسنوورەکانی هەرێمی کوردستان، هەندێک لەو هێرشانە لە سنووری پارێزگای نەینەواوە دەکرێنە سەر هەولێر و کێڵگەکانی نەوت لە دهۆک.
 
تاوەکو 7ی ئادار بەشێکی ئەو هێرشە درۆنیانە لە باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەواوە کراون، بەتایبەتی لە سنووری ناحیەکانی نەمروود و بەرتلە کە ناوچەکە لیوای 30ی حەشدی شەعبی تێیدا دەسەڵاتی هەبوو و بە لیوای شەبەک ناسراوە، لەلایەن محەممەد جەمیل (ئەبو ئەحمەد)ـەوە سەرپەرشتی دەکرێ.
 
ناوچەیەکی دیکە کە تاوەکو 7ی ئادار گومان دەکرا هێرشی لێوە بکرێ، باکووری رۆژهەڵاتی نەینەوا بوو، بەتایبەت ناوچەکانی تلسقۆف و وانکێ کە لەژێر دەسەڵاتی لیوای 50ی حەشدی شەعبیدا بووە کە سەر بە بزووتنەوەی بابلیوونە، لەلایەن ئوسامە کلدانییەوە سەرۆکایەتى دەکرێت، کە برای رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیوونی کریستیانە و بەشێکە لە پێکهێنەرانی دەستەی حەشدی شەعبی.
 

 

 

لە 7ی ئادارەوە لیواکانی 66 و 76ی سەر بە فیرقەى 16ى سوپای عێراق بەرپرسیارێتی سەرەکی ئەو ناوچە سنوورییەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان گرتەدەست، کە پێشتر لیواکانی 30 و 50 تێیدا باڵادەست بوون.
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە نەینەوا بە رووداوی گوت: "لە دوای بڵاوکردنەوەی ئەو دوو فیرقەیەی سوپای عێراق، لەوێوە بە درۆن هێرش نەکراوە."
 
ئێستا گومان دەکرێ لە چەند ناوچەیەکی دیکەی نەینەواوە درۆن ئاراستەی هەولێر بکرێت، وەک دەشتاییەکانی قەزای بەعاج لە باشووری رۆژئاوای نەینەوا و سنووری قەزای حەزەر لە باشووری نەینەوا.
 
قەزای بەعاج 51 کیلۆمەتر و قەزای حەزەر 74 کیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورن، دوو گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی لەو دوو ناوچەیە باڵادەستن، کە بریتین لە لیوای 40ی کەتیبەکانی ئیمام عەلی و لیوای 44ی ئەنسارولمەرجەعییە.
 
محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند: "دوای خستنەخوارەوەی هەر درۆنێک، دەتوانرێت بزانرێت لەکوێوە ئاراستە کراوە."
 
یەکێک لە شوێنەکانی دیکە کە گومان دەکرێ لێوەی بە درۆن هێرش بکرێتە سەر هەولێر، سنووری قەزای دووبزە لە باکووری رۆژئاوای کەرکووک کە نزیکترین شوێنی 22 کیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە؛ لیوای 40ی کەتیبەکانی ئیمام عەلی لەو سنوورە باڵادەستترین گرووپی نێو حەشدی شەعبین.
 
هێرش لە دوو ناوچەی کوردستان بۆ سەر سلێمانی
 
دوو لە نزیکترین ناوچەکان کە بە گوتەی بەرپرسانی سنوورەکە گومان دەکرێ لێوەی بە درۆن هێرش بکرێتە سەر پارێزگای سلێمانی، سنووری قەزاکانی دووبز لە کەرکووک و خورماتوو لە پارێزگای سەلاحەدینن.
 
دووبز 64 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای سلێمانییەوە دوورە، هەرچی قەزای خورماتووە 80 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای سلێمانییەوە دوورە.
 
یاسین داوودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئەو شوێنەی گومان دەکرێ هێرشەکانی لێوە بکرێت، بۆشایییە ئەمنییەکانی نێوان زنجیرە چیاکانی هەنجیرە و ناوچەی داوێیە، کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی قەزاکە."
 
لەو ناوچەیەدا لیوای 63ی حەشدی شەعبی باڵادەستە، کە سەر بە کەتیبەکانی حیزبوڵڵایە و ئەحمەد چایرلی فەرماندەیەتی دەکات.
 
رائید جەلیل فایەق، فەرماندەی فەوجی دووی لیوای سێی پێشمەرگە لە سنووری گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سنووری کفری بە درۆن هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام شەوان درۆنی چاودێریی گرووپەکانی حەشدی شەعبی بەسەر ناوچەکانی کوڵەجۆدا دەسووڕێنەوە و دواتر دەگەڕێنەوە سنوورى  خانەقین."
 
سێ جۆر درۆنی خۆجێی بەکاردەهێنرێن
 
جەبار یاوەر، پسپۆڕی سەربازی و ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئەو هێرشانەی گرووپەکان لە رێگەی سێ جۆر درۆنەوە دەکرێن کە کۆپی درۆنی هاوشێوەی ئێرانیین، ئەوانیش بریتین لە ئارش، شاهید، سەمەد و لە عێراق دروست دەکرێن و مەودای فڕینیان دەگاتە 100 کیلۆمەتر."
 

 

 

ئەو گرووپەی ناوی خۆی ناوە 'موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق' کە نزیکە لە کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرپرسیارێتیی خۆی لە زۆرینەی ئەو هێرشانە رادەگەیێنێت کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، هەندێ جاریش دیمەنی هەڵدانی درۆنی دروستکراوی خۆجێیی بڵاودەکاتەوە کە گوایە هێرشەکەیان پێ کردووە.
 
جەبار یاوەر دەڵێت: "ئەم جۆرە درۆنانە مەودای بەرزیی فڕینیان لە نێوان سێ بۆ چوار کیلۆمەترە، ئەوەش تایبەتمەندییەکیان پێدەدات کە سیستمی راداری پێشکەوتوو بە ئاسانی ئاشکرایان نەکات."
 
زۆرینەی ئەو درۆنانە لە رێگەی سیستمی دژە درۆنەوە لە هەرێمى کوردستان دەتەقێنرێنەوە و پارچەکانی دەخرێنە خوارەوە و هەندێجار زیانی ماددییان دەبێت.
 
ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "ئەو درۆنانە بۆمبڕێژکراون، پێویستیان بە ناوەندی ئاراستەکردنی گەورە نییە و تەنیا لە رێگەی ئامێرێکەوە کەسێک دەتوانێت ئاراستەیان بکات بۆ ئەو شوێنەی دەیانکاتە ئامانج، بەڵام بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی دەبێت لە نزیکترین خاڵەوە ئاراستە بکرێت تاوەکو بگاتە شوێنی مەبەست، ئەو درۆنانە توانای هەڵگرتنی 10 بۆ 20 کیلۆگرام تەقەمەنییان هەیە."