دادگەی فیدراڵی سێ سکاڵا لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار تاوتوێ دەکات


رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە یەک رۆژدا بەجیا تاوتوێی سێ سکاڵا دەکات، کە لەبارەی هەڵنەبژاردنی سەرۆککۆمار پێشکێش کراون؛ یەکێک لە سکاڵاکاران بەربژێرە بۆ ئەو پۆستە و دووانیان بەربژێری دوورخراوەی پۆستی سەرۆککۆمارن.
 
سکاڵاکان لەلایەن عەلی عەباس جاسم و لەیس داخل سەلمی تۆمارکراون کە پێشتر بەربژێری پۆستی سەرۆککۆمار بوون و دوورخرانەوە، داوا لە دادگە دەکەن شرۆڤەی ماددەی 72ی دەستوور بکات لەبارەی ئەو 30 رۆژەی دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، کە ئایا جێگەى پابەندییە و یاسا چ رێکارێکی دەستووری دەگرێتەبەر، ئەگەر لەو ماوەیەدا سەرۆککۆمار هەڵنەبژێردرێت و جارێکی دیکە دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بکرێتەوە.
 
سکاڵای دووەم لەلایەن سەباح ساڵح شوعەیب تۆمارکراوە، کە بەربژێرە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و داوا لە دادگە دەکات سەرۆکایەتیی پەرلەمان ناچار بکات دانیشتنێکی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار رێک بخات.
 
سکاڵای سێیەم لەلایەن محەممەد حەمزە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل پێشکێشکراوە و تێیدا داوای کردووە، دواکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بە نادەستووری بناسێنرێت و سەرۆکایەتیی پەرلەمان ناچار بکرێت رێکارە دەستوورییە پێویستەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بکەن.
 
هەر سێ سکاڵاکە یەکشەممەى داهاتووە 15ى ئادار تاوتوێ دەکرێن و سکاڵالێکروانیش بریتین لە سەرۆکى پەرلەمان و جێگرانی. 
 
29ی کانوونی یەکەمی 2025 خولی نوێی پەرلەمانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی کرد، بەگوێرەی دەستوور دەبێت لە 30 رۆژدا سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ، سەرۆککۆمار هەڵنەبژێردراوە.
 
لە 12ی شوباتەوە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی دادگەی فیدراڵی کردووە بۆ شرۆڤەکردنی ئەو ماوە یاساییەی دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.
 
عەلی شێخ خاڵس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: تاوەکو ئێستا وەڵامی شرۆڤەکەى دادگەی باڵاى فیدراڵى لە عێراق بۆ ئەو شرۆڤەیە نەگەڕاوەتەوە.
 
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەهۆی یەکلانەبوونەوەی بەربژێری شیعەکان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران یەکلانەبووەتەوە.