وەزارەتی ناوخۆی عێراق: هیچ درۆنێک لە ناوچەی ئەبوغرێب نەکەوتووەتە خوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێ، ئاگرکەوتنەوەکەی ئێوارەی ئەمڕۆی ناوچەی ئەبو غرێب بەهۆی گوشاری زۆرەوە بووە لەسەر وێستگەیەکی کارەبا و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە؛ دەنگۆی هێرشی درۆنیش رەتدەکاتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 13ـی ئاداری 2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند:" کاژێر 7:30ی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، ئاگر لە وێستگەی کارەبای کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی (نەجمەی بەغدا) لە ناوچەی ئەبو غرێب کەوتەوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی و برینداربوونی لێ بکەوێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێ، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە رووداوەکە بەهۆی بارزۆری لە سیستمی کارەبای نێو وێستگەکەدا بووە، ئەوەش بووەتە هۆی تەقینەوەیەکی سنووردار و دواتر ئاگرکەوتنەوە.
وەزارەتی ناوخۆ ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە گوایە تەقینەوەکە بەهۆی "درۆنی بۆمبڕێژکراو"ەوە بووە.