لە بەغدا بەهۆی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەوە شەش کەس گیانیان لەدەستدا

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە ناوچەی زوییەی شاری بەغدا ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە شەش کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
نەواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیی عێراق، رۆژی شەممە، 13ی نیسانی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاگرەکە لە خانووێکی دوو نهۆمی لە ناوچەی زوییەی کەڕادە لە شاری بەغدا کەوتووەتەوە.
 
دەشڵێت، "بەهۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەستداوە کە دوو ژن، دوو پیاو و دوو منداڵن، هەموویان ئەندامی یەک خێزانن، تیمەکانی بەرگریی شارستانی تەرمەکانیان دەرهێناوە." 
 
لەبارەی هۆکاری ئاگرەکە، نەواس سەباح شاکر گوتی، تائێستا هۆکارەکەی بە فەرمی روون نەبووەتەوە، تیمەکانی بەڵگەی تاوان لە شوێنی رووداوەکەن و سەقاڵی لێکۆڵینەوەن.