لە مانگی ئاداردا عێراق 18.6 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە


رووداو دیجیتاڵ

لە مانگی ئاداردا هەناردەی نەوتی عێراق بۆ 18.6 ملیۆن بەرمیل نەوت کەمبووەتەوە کە 1.2 ملیۆن بەرمیلی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە و داهاتی نەوتەکەش نزیکەی 69% کەمیکردووە.
 
رۆژی دووشەممە، 13ی نیسانی 2026، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ئاماری هەناردەی نەوتی بۆ مانگی ئادار بڵاوکردەوە و بەگوێرەی ئامارەکە، لە مانگی ئاداردا کۆمپانیای سۆمۆ 18 ملیۆن و 604 هەزار و 951 بەرمیل نەوتى هەناردەکردووە.
 
لەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە، 14 ملیۆن و 561 هەزار و 534 بەرمیلی لە کێڵگەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراقەوە بووە، بڕی یەک ملیۆن و 271 هەزار و 200 بەرمیلی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە، هەروەها بڕی دوو ملیۆن و 772 هەزار و 217 بەرمیلی نەوتی کەرکووکیش لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەکراوە.
 
داهاتی ئەو نەوتەی لە مانگی ئاداردا هەناردەکراوە، یەک ملیار و 957 ملیۆن و 212 هەزار دۆلار بووە.
 
هەناردەی نەوتی عێراق بەراورد بە مانگی شوباتی رابردوو کەمی کردووە، بەوپێیەی لە 28ی شوباتەوە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکرد و تەنگەی هورمز داخرا کە رێڕۆی هەناردەی زیاتر لە 80%ی نەوتی عێراق بوو.
 
بەراورد بە مانگی شوبات، هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی ئاداردا نزیکەی 82% کەمی کردووە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش نزیکەی 79% کەمیکردووە.
 
داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق و هەرێمی کوردستان لە مانگی ئادار بەراورد بە مانگی پێش خۆی نزیکەی 69% کەمیکردووە.