رێکارەکانی پێدانی دوو هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی بە حاجییان دەستپێدەکات


رووداو دیجیتاڵ

لە ئەمڕۆوە ئەو کەسانەی بە نیازن بچنە حەج، دەتوانن مامەڵەکانیان پێشکێش بکەن بۆ وەرگرتنی دوو هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی. زیاتر لە پێنج هەزار هاونیشتمانیی هەرێمى کوردستان دەتوانن لێى سوودمەند بن. 
 
بەگوێرەی نووسراوێک کە بانکی ناوەندیی عێراق لە 9ی نیسان ئاراستەی بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی کردووە، لە ئەمڕۆ دووشەممە 13ی نیسانەوە دەست بە وەرگرتنی مامەڵەی داواکردنی ئەو بڕە دۆلارە دەکرێ کە بە نرخی فەرمی دەدرێتە حاجیانى ئەم ساڵ.
 
بەگوێرەی نووسراوەکەی بانکی ناوەندی، بڕی ئەو دۆلارەی دەدرێتە حاجییان دوو هەزار دۆلارە و بە 132 هەزار پێیان دەدرێ.
 
بانکی ناوەندی داوای لە بانکەکان کردووە کە پشت بەو لیستانە ببەسترێ لەلایەن دەستەی باڵای حەج و عومرەوە دەرچووە، سەبارەت بەو کەسانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە و پێشتر بۆیان نێردراوە.
 
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەگەڵ یەکێک لە بانکەکان پەیوەندیمان کردووە بۆ ئەوەی ئەو بڕە دۆلارە بۆ ئەو کەسانە دەستەبەربکەن کە بەشداری لە حەجی ئەم ساڵ دەکەن و ژمارەیان 5120 کەسە."
 
بەپێی ژمارەی ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ فەریزەی حەج ئەنجام دەدەن، ئەگەر هەموویان ئەو دۆلارەی بانکی ناوەندییان بۆ دەستەبەر بکرێ، تێکڕا 10 ملیۆن و 240 هەزار دۆلار وەردەگرن.
 
لە نووسراوەکەی بانکی ناوەندیی عێراق دا هاتووە کە پێدانی ئەو دۆلارە تەنیا لە رێگەی سەکۆی راپۆرتی مامەڵەی دامەزراوە داراییەکان دەبێت و پێویستە سەرجەم بەڵگەنامە پێویستەکان هەبن و کۆپییەکی لێ هەڵبگیرێ، لەگەڵ تۆماری ئەو کامێرایەی پرۆسەی فرۆشتنی دۆلارەکە بە کڕیارەکەی دەسەلمێنێت.