پیسبوونی چەمی دیالە هەزاران ماسی لەنێودەبات

 
رووداو دیجیتاڵ

تێکەڵبوونی چەمی دیالە بە رووباری دیجلە لە باشووری بەغدا ئاوەکەی لێڵ دەکات. ئەمیندارێتی بەغدا رێکار بۆ پاککردنەوەی ئاوەکە لە پاشماوەی کەڵەکەبووی ساڵانی رابردوو دەگرێتەبەر، کە ئاوی رووبارەکە لەگەڵ خۆی رایماڵیوە و لە چەند ناوچەیەک بەو هۆیەوە ئاوی خواردنەوە شێلو بووە، لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووریش دەبێتە هۆی لەنێوچوونی نزیکەی 4 هەزار تۆن ماسی.
 
عودەی جەندیل، گوتەبێژی ئەمیندارێتیی بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "ئەو گۆڕانکارییە زیاتر باشووری بەغدای گرتووەتەوە، بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوی چەمی دیالە بە رووباری دیجلە، کە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی چەمەکە پاشماوەی کەڵەکەبووی ساڵانی پێشوو سەرئاو کەوتوون و بەو هۆیەوە رەنگەکەی گۆڕاوە."
 
لە مانگی ئاداری رابردوو و سەرەتای مانگی نیسان دا، چەند شەپۆلێکی باران عێراقی گرتەوە و بەو هۆیەوە ئاستی ئاوی رووبارەکان بەرزبووەوە، کە زۆربەیان لە ناوەڕاست و باشوور دەرژێنە ناو رووباری دیجلە.
 
عودەی جەندیل رایگەیاند، ئەو پاشماوە کەڵەکەبووانە لە چەند ناوچەیەکی باشووری بەغدا کێشەی بۆ پاڵاوتنی ئاو دروستکردووە و بەو هۆیەوە کارەکانیان راگیراوە و بە تەنکەر ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە دەگوازرێتەوە.
 
ئاوى رووباری دیجلە سەرچاوەی ئاودانی کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ماسی و ئاوی خواردنەوەی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقە.
 
ئەیاد تالیبی، سەرۆکی کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی ماسی لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "تاوەکو 12ی نیسان تەنیا لە حەوزە مۆڵەتپێدراوەکاندا لەسەر رووباری دیجلە نزیکەی 4 هەزار تۆن ماسی بەهۆی ئەو پیسبوونی ئاوەوە مردار بوونەتەوە کە ئاوی ئاوەڕۆی تێکەڵ بووە."
 
بەخێوکارانی ماسی بەشێکیان پشت بە ئاوی رووباری دیجلە دەبەستن بۆ دروستکردنی حەوزی تایبەتی بەخێوکردنی ماسی.
 
بەگوتەی ئەیاد تالیبی، 85%ی زیانەکان بەر حەوزی ماسییەکانی سنووری پارێزگای واست کەوتووە لەسەر رووباری دیجلە.