ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: دوو باندی مادەی هۆشبەرمان دەستگیرکرد
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی حەوت بازرگانی مادەی هۆشبەری لە بەغدا و بەسرە رادەگەیێنێت، کە رێگەیەکی نوێیان بۆ گواستنەوە و بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکانەوە بەکارهێناوە.
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی بازرگانانی مادەی هۆشبەر، دوو ئۆپەراسیۆنی جیامان لە بەغدا و بەسرا کردووە و دوو گرووپی تاوانکاریمان هەڵوەشاندووەتەوە."
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی راشیگەیاند، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکاندا حەوت کەس دەستگیرکراون.
لەبارەی وردەکاریی شێوازی کارکردنی گرووپەکان، ئەرشەد حاکم گوتی، لە رۆژئاوای بەغدا مەفرەزەکانیان دوای چاودێرییەکی ورد توانییان دوو کەس دەستگیر بکەن، کە مادەی هۆشبەریان لە رێگەی کاغەزی (A4)ەوە گواستووەتەوە، کە یەکێکە لە رێگە نوێ و داهێنراوەکانی قاچاخچێتی مادەی هۆشبەر.
لە پارێزگای بەسرەیش پێنج بازرگانی دیکە دەستگیرکران کە هەمان رێگەیان بەکارهێناوە. گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی گوتی: "گرووپەکەی بەسرە رێگەی پێشکەوتووتریان بەکارهێناوە، بە جۆرێک کاخەزەکانیان دەکردە پارچەی زۆر بچووک بۆ ئەوەی بە ئاسانی بیفرۆشن و بیگوازنەوە."
سەبارەت بە ناسنامەی تۆمەتبارەکان، ئەرشەد حاکم گوتی: "سەرجەمیان عێراقین، دۆسیەکانیان رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کراوە، بۆ ئەوەی رێکاریان بەرامبەر بگیرێتەبەر."