تەقەدووم پشتیوانی خۆی بۆ مەحموود مەشهەدانی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانی تەقەدووم، بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، بە فەرمی پشتوانی خۆی بۆ مەحموود مەشهەدانی راگەیاند بۆ بوونە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
رۆژی دووشەممە 13ی ئایاری 2024 هاوپەیمانی تەقەدووم لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "دوای نزیکەی شەش مانگ لە نەبوونی نوێنەرایەتی سیاسی پێکهاتەیەکی سەرەکی لە پرۆسەی سیاسیدا، لە سۆنگەی گرنگی ئەو شایستەیەدا، دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕوپڕ، لە سۆنگەی سووربوونی هاوپەیمانی تەقەدووم وەک نوێنەری زۆرینەی سوننە لە پەرلەمانی عێراق، دوای رێککەوتن لەگەڵ فراکسیۆنی سەدارە، پشتیوانی خۆمان بۆ بەربژێرکردنی مەحموود مەشهەدانی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان رادەگەیێنین".
هاوپەیمانی تەقەدووم داوا لە فراکسیۆنە سیاسییەکان دەکات پشتیوانی ئەو بەربژێربوونە بکەن، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو شایستەیە و کۆتاییهاتنی پەکخستن و کاراکردنەوەی رۆڵی پەرلەمان و تەواوکردنی وەرقەی رێککەوتنی سیاسی، کە پەرلەمان لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەتدا دەنگی لەسەر داوە.
مەحموود مەشهەدانی کێیە؟
ساڵی 1948 لەدایکبووە، یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی سوننە، پێش ئەوەی ببێتە سیاسەتمەدار لە سوپای عێراق ئەفسەر بووە. ساڵی 1972 کۆلێژی پزیشکی تەواو کردووە، بەهۆی ئەوەی دژی شەڕی کەنداو بووە، لە ساڵی 1990 دەستگیرکراوە و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، دواتر سزاکەی بۆ 15 ساڵ زیندانی کەمکرایەوە.
مەشهەدانی ساڵی 2004 ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری عێراق بووە، ساڵی 2006 تاوەکو 2009 سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق و یەکێتیی پەرلەمانی عەرەبیی کردووە، بووە بە یەکەم سەرۆکی پەرلەمان دوای رووخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن.
سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی دەعوە و ئیرشاد بووە، دامەزرێنەری بەرەی دیالۆگی نیشتمانی بووە لە ساڵی 2004.
مەشهەدانی، بەم دواییانە لەگەڵ سێ پەرلەمانتاری دیکەی سوننە کە بریتین لە تەڵاڵ زەبەعی، خالید عوبەیدی و محەممەد نووری لە هاوپەیمانیی عەزم جیابوونەوە، فراکسیۆنی سەدارە-یان لە پەرلەمان راگەیاند. شەوی رابردوو فراکسیۆنەکە راگەیاند، چوونەتە پاڵ هاوپەیمانی تەقەدووم.
سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراق 18ى ئایارى دیاریکرد بۆ کۆبوونەوەى تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەو پەرلەمانە، رکابەرییەکەش لە نێوان مەحموود مەشهەدانى و سالم عیساوى دەبێت.
ئەو وادەیە بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان لە راگەیێندراوێکى فەرمانگەى راگەیاندنى پەرلەمانى عێرقدا بوو، کە ئەمڕۆ دووشەممە 13ى ئایار بڵاویکردووەتەوە.
سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە (تۆڕى میدیایی رووداو)ى راگەیاند، تائێستا رکابەرییەکە لەسەر بەدەستهێنانى ئەو پۆستە لە نێوان مەحموود مەشهەدانى و سالم عیساوی-یە.
لە کۆبوونەوەى 14ـى کانوونى دووەمى ئەمساڵى پەرلەماندا، هەڵبژاردنى سەرۆک لە نێوان سێ بەربژێرى سوننەدا کرا و گەیشتە گەڕى دووەم، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا.
شەعلان کرەیم بەربژێرى تەقەدووم زۆرترین دەنگى گەڕى یەکەمى بەدەستهێنا، بەڵام لە 18ى نیسان کشایەوە. هەریەک لە سالم عیساوى و مەحموود مەشهەدانى لە رکابەرییەکەدا ماون.
سەباح حەبیب، گوتى: "تاوەکو ئێستا هیچ کام لەو دوو بەربژێرە نەکشاونەتەوە، ئەوە لەسەر رێککەوتنى نێوان لایەنە سوننەکان ماوەتەوە".
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان لە 6ـی ئایار یەک هەفتە مۆڵەتى دایە سوننەکان بۆ ئەوەى بەربژێریان بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان یەکلابکەنەوە.
لە 14ـی تشرینى دووەمی ساڵى رابردووەوە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان چۆڵە، بەهۆى بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بۆ لێسەندنەوەى ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان، کە هاوکات سەرۆکى بوو.