مانگی داهاتوو فڕۆکەخانەی موسڵ دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتى خۆجێیی نەینەوا سەرەتاى مانگى حوزەیرانى دیاریکردووە بۆ کردنەوەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى موسڵ، یەکەم گەشت بۆ فڕۆکەخانەکە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە دەبێت.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: رۆژى 10ى حوزەیرانى 2025 دیاریکراوە بۆ کردنەوەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى موسڵ و دەستپێکردنى گەشتەکانى.
رۆژی 10ى ئابى 2022، مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى ئەو کاتەى عێراق بەردى بناخەى نۆژەن و ئامادەکردنەوەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى موسڵى دانا، کە لە پرۆژەیاسای بودجەى 2021 بڕیارى نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردنى درا و لەلایەن دوو کۆمپانیاى فەرەنسی و سعودیەوە جێبەجێ دەکرێت.
محەممەد کاکەیی رایگەیاند: "کردنەوەى ئەو فڕۆکەخانەیە بە گەشتێکى فڕۆکەوانیى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران دەبێت کە لە بەغداوە بۆ فڕۆکەخانەکە دەیکات."
بودجەى ئەو پڕۆژەیە 200 ملیار دینارە و نیوەى لە پارەى بلۆککراوى پێشووى پارێزگاى نەینەوایە لە سەردەمى شەڕى داعش و نیوەکەى دیکەى لە بودجەى یاسای پاڵپشتیى خێراى ئاسایشى خۆراک و پەرەپێدان دابین دەکرێت.
سەرۆکى لیژنەى ئەمنى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گوتى: "هەمان رۆژ وەک یەک پاکێج، یەکەم هۆتێڵى پێنج ئەستێرەیی لە شارى موسڵ دەکرێتەوە".
فڕۆکەخانەى موسڵ لە ساڵى 1920 دەست بە بنیاتنانی کراوە و رووبەرەکەى 1600 دۆنمە.