بەڤیدیۆ؛ لە ئەنبار چەکدارانی داعش سێ بارهەڵگری خێزانێکیان سووتاند
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار دەڵێت، ئێوارەی دوێنێ چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر خێزانێک لە قەزای روتبە کە کاری شوانی دەکەن و سێ بارهەڵگریان لێ سووتاندوون.
ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی ئایاری 2025، عەبدوڵڵا جغێفی، راوێژکاری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی دوێنێ، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر ماڵ و سامانی خێزانێک کە کاری شوانی دەکەن لە ناوچەی تەبعات لە باشووری قەزای روتبە و سێ بارهەڵگری خێزانەکەیان سووتاند."
عەبدوڵڵا جغێفی گوتی، "ئەو خێزانەی هێرشیان کراوەتەسەر، پێشتر زانیارییان لەسەر چەکدارانی داعش لەو ناوچەیە دابووە سوپا و هێزە چەکدارەکان، بۆیە چەکدارانی داعش وەکو تۆڵەسەندنەوە ئەو هێرشەیان کردووەتە سەریان، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبوو."
ئەو راوێژکارەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاماژەی بەوەشکرد، جموجۆڵی چەکدارانی داعش لە سنووری روتبە هەر ماوە و ناوبەناو زیانی گیانی و مادی بە هاووڵاتییان دەگەیێنن.
قەزای رووتبە گەورەترین قەزای عێراقە لە رووی رووبەرەوە، 300 کیلۆمەتر لە شاری روومادی سەنتەری پارێزگاری ئەنبارەوە دوورە.