ناڕەزایی عێراقییەکان لە دژی هاتنی شەرع؛ 'دەستی بە خوێنی رۆڵەکانمان سوورە'
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری بەسرە، بە سەرپەرشتی ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعە، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دژی هاتنی ئەحمەد شەرع بۆ عێراق بەڕێوەچوو. ئەوان هاتنی ناوبراو بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی عەرەبی رەتدەکەنەوە و داوای جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی دەکەن.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق پێشتر هەموو جۆرە خۆپێشاندانێکی تاوەکو دوای کۆبوونەوەی لووتکەی وڵاتانی عەرەبی قەدەخە کردبوو، بەڵام بڕیارەکە نەیتوانی رێگری لەم گردبوونەوەیە بکات.
مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری عێراقی و یەکێک لە بەشداربووانی خۆپێشاندانەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەستوور رێگەی پێداوین چۆن قسە بکەین، مافی خۆمانە خۆپێشاندان بکەین و هەڵوێستمان هەبێت. من و خەڵکێکی زۆری کۆمەڵگەی عێراقی پێمان خۆش نییە و رازی نین بە هاتنی جۆلانی. شمشێریان لەسەر ملی کەس دانەناوە، نامانەوێت. بۆیە هەڵوێستمان روونە، ئێمە نامانەوێت جۆلانی بێتە عێراق، چونکە ئەو کەسە دەستی بە خوێنی عێراقییەکان پیسە."
بە گوتەی خۆپیشاندەرە شیعەکان، ئەحمەد شەرع "دەستی سوورە بە خوێنی عێراقییەکان" و دەڵێن کاتێک لەگەڵ رێکخراوی قاعیدە بووە لە عێراق "دەستی لەکەس نەپاراستووە". ئەوان داوا دەکەن فەرمانی دەستگیرکردنی جێبەجێبکرێت ئەگەر سەردانی عێراقی کرد و بەشداریی لە لووتکەی عەرەبیدا کرد.
شێخ حوسێن ئیزێرجاوی، یەکێکی دیکەیە لە خۆپێشاندەران، بە رووداوی گوت: "بەڕاستی ناکرێت کەسێک تیرۆریست بێت و دەستی سوور بێت بە خوێنی عێراقییەکان و دەستی لە کوشتنی رۆڵەکانمان هەبێت، کەچی ئەمڕۆ بێین و فەرشی سووری بۆ رابخەین و پێشوازی لێبکەین گوایە ئەمە کرانەوەیە بەڕوویدا. ئەمە بەهەموو شێوەیەک لای ئێمە رەتکراوەیە."
حوسێن جابر، خۆپێشاندەرێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات: "ئێمە دژی جۆلانین، دژی هەموو تیرۆریستێکین. خەڵکی بەسرە و عێراقییەکان بەگشتی یەکدەستین دژی ئەو. پشتیوان بەخوا تیرۆریست نایەتە عێراق، بە هیچ شێوەیەک ناهێڵین جۆلانی بگاتە بەغدا."
پەیوەندییەکانی پێشووی ئەحمەد شەرع لەگەڵ رێکخراوی داعش و ئەزموونی مانەوەی بۆ ماوەی هەشت ساڵ لە عێراق لەگەڵ ژمارەیەک گرووپی چەکدار، لەنێویاندا قاعیدە، تاوەکو ئێستاش جێگەی مشتومڕە. لای بەشێکی زۆر لە شیعەکانی عێراق، هاتن و چوونی ناوبراو بۆ وڵاتەکەیان بەهەموو شێوەیەک رەتکراوەیە.
هەرچەندە عێراق گەرەنتی پاراستنی ئەحمەد شەرعی کردبوو لە عێراق، بەڵام باس لەوە دەکرێت، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە بری سەرۆکی حکومەتی راگوزەری وڵاتەکە بەشداری لە لووتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا دەکات.