سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق: پشتیوانی لە بڕیاری پەکەکە بۆ هەڵبژاردنی رێگەی ئاشتییانە دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق پشتیوانیی خۆی بۆ بڕیاری کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەربڕی.
 
لەبارەی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە، ئەمڕۆ سێشەممە 13ی ئایاری 2025 سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "پێشوازی لەو بڕیارە دەکەین، هەنگاوێکی باشە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ بەرەو گفتوگۆیەکی راستەقینە و بنیاتنەر و دروستکردنی زەوینەیەکی گونجاو بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی گشتگیر و هەمیشەیی، بە جۆرێک کۆتایی بە دەیان ساڵ لە ململانێ، کارەسات و ئازار بهێنێت، هەروەها بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی گرنگی کاری سیاسی، دیپلۆماسی و پەرلەمانی."
 
رۆژی دووشەممە 12ی ئایاری 2025 پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو.
 
بەپێی ئەنجامی کۆنگرەکە، پەکەکە خۆهەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند.
 
سەرۆکایەتیی کۆمار دەڵێت، "پێشتریش دووپاتمان کردووەتەوە و جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە، تەنیا رێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ململانێکان، دانیشتنە لەسەر مێزی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن. بۆیە، پشتیوانیی خۆمان بۆ هەموو هەوڵەکانی ئاشتی دووپات دەکەینەوە کە ئامانجیان رێگریکردنە لە خوێنڕشتن و سەرخستنی پێکەوەژیان لە سۆنگەی چەسپاندنی دیموکراسی و دابینکردنی مافی هەمووان."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "پشتیوانی لە کارکردنی پێکەوەیی دەکەین بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی گەلانی ناوچەکە لە بنیاتنانی پەیوەندیی ئەرێنی و پتەو، کە لەسەر بنەمای رێزی دوولایەنە و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و پاراستنی سەروەری و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بێت بۆ گەلەکانمان."