عێراق درۆنێکی سەربازی بە ناوی 'سارا 1' دروستکرد
رووداو دیجیتاڵ
عێراق درۆنی "سارا 1" دەخاتە خزمەت ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکانی. دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دەڵێت: "درۆنەکە بە دەستی پسپۆڕانی عێراقی دروستکراوە."
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 13ـی ئایاری 2026، بە رووداوی راگەیاند :"سیستمی 'سارا 1' کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی چەکدارە و بە دەستی پسپۆڕانی نێوخۆیی دروستکراوە، دەخرێتە نێو ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکانەوە."
ئەرشەد حاکم، راشیگەیاند: "سیستمی سارا 1 بەرهەمێکی تەواو عێراقییە و لەلایەن پاڵەوانانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە، لە چوارچێوەی پەرەپێدانی توانای تەکنیکی و هەواڵگریی مۆدێرن و بەهێزکردنی ئامرازەکانی کۆنترۆڵکردنی مەیدانی، دروستکراوە."
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئاماژەی بە تایبەتمەندییەکانی درۆنە کرد و گوتی: "تەنیا بۆ مەبەستی وێنەگرتن یان چاودێریکردن دروستنەکراوە، بەڵکو بە توانای مەیدانیی پێشکەوتوو پەرەی پێدراوە. توانای شەڕکردن و رووبەڕووبوونەوەی نزیکی هەیە، چونکە درۆنەکە چەکی لێ بەستراوە، ئەمەش وادەکات هێزە ئەمنییەکان لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکە تایبەت و ئاڵۆزەکاندا، بە خێراییەکی زۆرتر وەڵامیان هەبێت و هیچ زیانێکی گیانییان بەرنەکەوێت."
بە گوتەی ئەرشەد حاکم، سیستمەکە خاوەنی تایبەتمەندیی بینین و چاودێریکردنی پێشکەوتووە کە لە شەو و رۆژدا و لە هەموو بارودۆخێکدا کار دەکات. هەروەها توانایەکی بەرزی هەیە لە جووڵە و مانۆڕکردن و جێگیربوون و داپۆشینی بەردەوامی ناوچە گرنگەکان، لەگەڵ هەبوونی سیستمی زیرەک کە یارمەتی فەرماندە مەیدانییەکان دەدات لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئۆپەراسیۆنەکاندا.
سەبارەت بە ناوی سیستمەکە، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی گوتی: "ناونانی بە سارا 1، گوزارشتە لە رۆڵێکی قارەمانانەی یەکێک لە قوربانییەکانی نێو دەزگاکەمان و پەیامێکی رێز و پێزانینە بۆ ئەو هەوڵە مەزنە ئەمنی و هەواڵگرییانەی کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا پێشکێشکراون."
ئەرشەد حاکم ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەم سیستمە لە مەیدانی کاردا تاقیکراوەتەوە و کارامەیی و متمانەپێکراوی خۆی لە جێبەجێکردنی ئەرکە ئەمنییەکاندا بە وردی سەلماندووە.