موقتەدا سەدر بۆ چەکدارانی سەرایا سەلام: ئۆتۆمبێلی کۆری و چینی بەکاربهێنن


رووداو دیجیتاڵ

موقتەدا سەدر 12 بڕیاری لەبارەی مامەڵەی گرووپی چەکداریی سەرایا سەلام دەرکرد، لەوانە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی چینی و کۆری، و قەدەخەکردنی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی رەنگ رەش و بێ تابلۆ.
 
ئەو بڕیارانەی موقتەدا سەدر،سەرۆکى رەوتی نیشتمانیی شیعە، رۆژی چوارشەممە، 13ی ئایاری 2026 دەریکردوون بۆ چەکدار و فەرماندەکانی سەر بە گرووپی سەرایا سەلام، کە سەر بە رەوتەکەن.
 
یەکێک لە بڕیارەکان ئەوەیە؛ دەبێت ئەو ئۆتۆمبێلانەی گرووپەکە بەکاریاندەهێنن دروستکراوی کۆمپانیا چینی و کۆرییەکان بن، نابێت رەنگیان رەش بێت یان بێ تابلۆ بن، هەروەها نابێت وێنە و ناوی بنەماڵەی سەدری پێوە بێت.
 
موقتەدا سەدر فەرمانی بە بەرپرسانی گرووپەکە کردووە، لەکاتی ئەرکی فەرمیدا تەنیا چوار ئۆتۆمبێلیان لەگەڵدا بێت، نابێت جامەکانیان رەش بکرێن، مەگەر بۆ زۆر پێویست نەبێت و دەبێت لە هەر ئۆتۆمبێلێکدا قورئانێک هەبێت.
 
ئەو بڕیارانەی موقتەدا سەدر لە دوای ئەوە هات کە لیژنەیەکی بۆ رێکخستنەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی گرووپی سەرایا سەلام و سنووردارکردنیان پێکهێنا.