سوودانی لە گوتاری ماڵئاوایدا: سەرکردە شکستخواردووەکان هەوڵی شێواندنی راستییەکانیان دا


رووداو دیجیتاڵ

محەممەد شیاع سوودانی لە دوایین گوتاریدا وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەرگریی لە کارنامەی سێ ساڵەی حکومەتەکەی کرد و هێرشی تووندی کردە سەر نەیارە سیاسییەکانی و بە "شکستخواردوو و گەندەڵ" وەسفی کردن؛ هاوکات هۆشداریی دایە کابینەی نوێ کە "ئاڵنگاریی قورس" چاوەڕێیان دەکات.
 
رۆژی چوارشەممە 13-5-2026 سوودانی لە پەیامێکی ڤیدیۆیی ماڵئاواییدا رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی حکومەتەکەی عێراقی لە "ئاگری ململانێ نێودەوڵەتییەکان" پاراستووە، بەڵام رووبەڕووی تۆمەتی ناڕەوا بووەتەوە و گوتی: "حکومەتەکەمان رووبەڕووی هەوڵی شێواندنی راستییەکان بووەوە لەلایەن سەرکردە شکستخواردوو و گەندەڵەکانەوە، بەڵام ئێمە لە بەرپرسیارێتی پاشگەز
نەبووینەوە."
 
سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق چەندا ئامارێکی خستەڕوو، کە بە گوتەی ئەو، نیشانەی سەرکەوتنی کابینەکەیەتی لە سێ ساڵی رابردوودا:
 
  - وەبەرهێنان: راکێشانی 114 ملیار دۆلار بۆ نێو وڵات.
  - پڕۆژەکان: چارەسەرکردنی 3,250 پڕۆژەی وەستاو لە کۆی 5,300 پڕۆژە.
  - دارایی: کەمکردنەوەی قەرزی دەرەکی لە 13 ملیار دۆلارەوە بۆ 10 ملیار دۆلار.
  - هەڵاوسان: دابەزاندنی رێژەی هەڵاوسان لە 7.5%ـەوە بۆ 2.7%.
  - هەژاری: کەمکردنەوەی رێژەی هەژاری لە 25%ـەوە بۆ نزیکەی 10%.
 
سوودانی ئاماژەی بەوە کرد کە بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە 29 هەزار مێگاوات و لە کەرتی گازیشدا عێراق گەیشتووەتە رێژەی 74%ـی وەبەرهێنانی گازی هاوەڵ. راشیگەیاند، گرێبەستی گەورەیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی (BP، تۆتاڵ، شێڤرۆن و ئێکسۆن مۆبیل) واژۆ کردووە.
 
لە کەرتی کشتوکاڵیشدا، سوودانی بە شانازییەوە باسی لە "خۆبژێوی گەنم" کرد کە بڕەکەی گەیشتووەتە 6 ملیۆن و 200 هەزار تۆن.
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، محەممەد شیاع سوودانی ئاماژەی بە کابینەی داهاتوو کرد و رایگەیاند، حکومەتی نوێ رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگ دەبێتەوە کە "تێپەڕاندنیان ئاسان نابێت".
 
سوودانی بەڵێنی دا کە پشتیوانی حکومەتی نوێ بێت لە هەر بڕیارێک کە لە بەرژەوەندیی گشتیدا بێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات، سەرەڕای ئەو ململانێ سیاسییە تووندەی لە ناوماڵی شیعەدا لە ماوەی رابردوودا هەستی پێدەکرا.
 
بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە بۆ دەنگدان بە کابینە نوێی حکومەت. عەباس عامری، ئەمینداری چوارچێوەی هاوئاهەنگیی رایگەیاند، سبەی لە کۆی 23 وەزیر دەنگ بە 9 وەزیر دەدرێت.