قاسم ئەعرەجی بۆ رووداو: هیچ مەترسی و هەڕەشەیەک لەسەر هەرێمی کوردستان نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دڵنیایی دەدات لەوەی "هیچ مەترسییەک" لەلایەن ئێرانەوە بۆسەر هەرێمی کوردستان نییە؛ ئاماژە بەوەش دەدات کە حکومەتی عێراق رێگە نادات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێ.
 
رۆژی چوارشەممە، 13ی ئایاری 2026، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ لایەنی ئێرانی گفتوگۆی وردمان کردووە و جەخت دەکەینەوە کە هیچ مەترسی و هەڕەشەیەک لەسەر هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی نییە."
 
رۆژی دووشەممە 11ی ئایاری 2026، لیژنەی باڵای ئەمنیی عێراق و ئێران بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای هەردوولا لە بەغدا کۆبووەوە. مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات بوو.
 
لەبارەی پرسی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان و دۆسیەی ئەمنیی نێوان ئێران و وڵاتەکەی، قاسم ئەعرەجی گوتی، "کار دەکەین بۆ چارەسەرکردنیان لە رێگەی میکانیزم و رێکاری گونجاو کە سەقامگیریی ناوچەکە بپارێزێ."
 
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق باسی پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق کرد و گوتی، "عێراق بەکارهێنانی خاکەکەی بۆ دەستدرێژیکردنە سەر هەر وڵات یان لایەنێک رەتدەکاتەوە، ئەمەش تەنیا هەڵوێستێکی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو پابەندییەکی دەستوورییە و هیچ چاوپۆشییەکی لێناکرێ."
 
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دەڵێت، وڵاتەکەی نایەوێ ببێتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان وڵاتان، "بەڵکو دەیەوێ ببێتە ناوەندێک بۆ بەیەک گەیشتن و پەیوەندی."
 
ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق خۆی لە ململانێکان بەدوور دەگرێ و "پەیوەندییە باشەکانی خۆی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکا بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی رۆڵی هەبێت لە هێورکردنەوەی دۆخەکە و کەمکردنەوەی گرژییەکان."