پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە کابینەکەی عەلی زەیدی کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سبەی پێنجشەممە، پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە کابینەکەی عەلی فالح زەیدی کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی بەرنامەی کار کە لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقەوە دیاریکراوە، سبەی پێنجشەممە 14ی ئایاری 2026 کاژێر 04:00ی ئێوارە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان بە بەرنامەی حکومەت و حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی.
مەشرق فەرێجی، سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی (نازل ئاخد حەقی) و ئەندامی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، ئەمڕۆ چوارشەممە (13ی ئایاری 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ئەو لێکتێگەیشتنە سیاسییانەی تاوەکو ئەمڕۆ کراون، گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ تێپەڕاندنی "نیوە کۆ یەک"ی وەزارەتەکان، ئەمەش رێژەی یاسایی پێویستە بۆ ئەوەی حکومەت دەستبەکار بێت، لە کاتێکدا یەکلاییکردنەوەی ئەوانی دیکە دوادەخرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، "لە کۆبوونەوەکەدا دەنگدان لەسەر پۆستی جێگرانی سەرۆکوەزیران و نزیکەی 6 وەزارەت دوادەخرێت، چونکە بەهۆی رێکنەکەوتنی کۆتایی لەسەر بەربژێرەکانیان، بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە."
بە گوتەی مەشرق فەرێجی، پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان و پۆستی جێگرەکان بۆ دوای پشووی یاسایی پەرلەمان دوادەخرێت، بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێتە عەلی زەیدی تاوەکو لێکتێگەیشتنەکانی لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسییانە تەواو بکات کە هێشتا ناڕەزایەتییان هەیە یان ناوی بەربژێرەکانیان بە فەرمی پێشکێش نەکردووە.
دەستوور مەرجی داناوە کە دەبێت (نیوە کۆ یەک)ی ئەندامانی کابینەی وەزاری متمانەی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان بەدەستبهێنن، بۆئەوەی حکومەت بە فەرمی دەستبەکاربێت. وەزارەتەکانی نەوت، دارایی و پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران، دیارترین خاڵی ناکۆکین لە نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
بەگوێرەی دەستوور، پێویستە زیاتر لە ئەندامانی کابینە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنن، بۆ ئەوەی حکومەتەکە دەستبەکار بێت.
نیوەی ئەو ماوە دەستوورییە 30 رۆژییە بەرەو کۆتایی دەچێت، کە لەبەردەم عەلی فالح زەیدی راسپێدراو بۆ پێکهێنانی حکومەتە، بۆ ئەوەی ناوى کابینە 23 وەزارەتییەکەی رادەستی پەرلەمان بکات.