پارتی، یەکێتی و نەوەی نوێ بەشداریی دانیشتنی دەنگدان بە حکومەتەکەی عەلی زەیدی دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە کابینەکەی عەلی فالح زەیدی کۆببێتەوە. پارتی، یەکێتی و نەوەی نوێ بڕیاری ئامادەبوونیان داوە، بەڵام سێ لایەنی دیکە کە خاوەنی 10 کورسین، مەرجیان هەیە.
بەگوێرەی بەرنامەی کاری سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کە 13ـی ئایاری 2026، بڵاوکرایەوە، دانیشتنەکە کاژێر 4:00ـی ئێوارەی پێنجشەممە دەستپێدەکات.
پارتی، یەکێتی و نەوەی نوێ بەشداریی دانیشتنەکە دەکەن
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بڕیاری بەشداریکردنی داوە. دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە سبەی بەشداری لە دانیشتنەکە بکەین و دەنگ بە کابینەکەی عەلی زەیدی دەدەین. بەپێی رێککەوتنیش بڕیارە پارتی هەردوو وەزارەتی دەرەوە و ئاوەدانکردنەوە وەربگرێ، بەڵام جارێ بەربژێرەکانمان بۆ دوو پۆستەکە دیاری نەکردوون."
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێش بەشداری دەکەن. هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "سبەی بەشداری دەکەین و دەنگ بە کابینەکە دەدەین؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە رێککەوتوون وەزارەتی داد بۆ یەکێتی و ژینگە بۆ نەوەی نوێ بێ.
هەرێم کەمال ئاغا باسی لەوەشکرد، بەربژێریان بۆ وەزیری داد خالید شوانییە.
کوردەوان جەمال، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان زانیارییەکانی هەرێم کەمال ئاغای لەبارەی رێککەوتنەکەیان بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی: "بەشداری لە دانیشتنەکەدا دەکەین و دەنگ بە کابینەکە دەدەین، چونکە رێککەوتنمان لەگەڵ یەکێتی هەیە بۆ وەرگرتنی وەزارەتی ژینگە، بەربژێرمان بۆ وەزیری ژینگە سروە عەبدولواحیدە".
هەڵوێست، یەکگرتوو و کۆمەڵ مەرجیان هەیە
هەریەک لە رەوتی هەڵوێست، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری پێکەوە 10 کورسییان هەیە و هێشتا بڕیاری بەشداریکردنیان نەداوە.
د. رێبوار کەریم، سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی هەڵوێست لە بەغدا بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا بڕیارمان نەداوە بەشدار دەبین یان نا. کۆبوونەوەکانمان بەردەوامن."
د. رێبوار کەریم باسی لە مەرجەکانیان کرد و دەڵێت:"دوو بابەت هەیە کە زۆر هەڵوەستەیان لەسەر دەکەین. یەکەمیان بەرنامەی حکومەتە و ئەو کاتەش عەلی زەیدی لەگەڵمان کۆبوویەوە، یاداشتێکمان پێدا، کە کۆمەڵێک خاڵی لەخۆی گرتبوو. خاڵەکان لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستاندان".
سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی هەڵوێست گوتی:" داوایشمان کردووە کە شایستەی خۆمان وەربگرین کە 10 کورسیمان هەیە و داوای وەزارەتێکمان کردووە، بۆیە ئەمڕۆ کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن تاوەکو بڕیاری کۆتای بدەین".
پارتی 2 وەزارەت وەردەگرێ
عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق بە رووداوی گوت، چوار وەزارەت (دەرەوە، ئاوەدانکردنەوە، داد و ژینگە) بۆ کورد یەکلایی بوونەتەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش دوێنی بە رووداوی گوت، وەزارەتەکانی دەرەوە و ئاوەدانکردنەوە لای پارتی دەمێننەوە.
عەلی فالح زەیدی کە لە 27ـی نیسانی رابردوو راسپێردراوە، 30 رۆژی لەبەردەمە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی.