وەزارەتى کارەباى عێراق بۆ رووداو: هاوردەکردنى گازى ئێران نەوەستاوە

رووداو دیجیتاڵ

 گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق رایگەیاند، بەهۆى هێرشى ئیسرائیل بۆ سەر کۆمارى ئیسلامىی ئێران هاوردەکرنى گاز لەو وڵاتەوە نەوەستاوە و ئاساییە.
 
13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل چەند شوێنێکی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومان کرد و چەندین بەرپرسی باڵای وڵاتەکە کوژران.
 
ئەمڕۆ هەینى 13ـی حوزەیرانى 2025، ئەحمەد مووسا، گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق بە رووداوى راگەیان، "هاوردەکردنى کارەبا لە ئێرانەوە چەندین مانگە وەستاوە، بەڵام هاوردەکردنى گاز بەردەوامە و بڕەکەى 27 ملیۆن پێ سێجایە. 
 
بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا لە وێستگەکانیدا، عێراق پشت بە هاوردەکردنى گازى ئێران دەبەستێت، ئێستا عێراق توانای بەرهەمهێنانی 27 بۆ 28 هەزار مێگاوات کارەباى هەیە، بەڵام لە وەرزى هاوین خواست لەسەر کارەبا بۆ نزیکەى 54 هەزار مێگاوات بەرزدەبێتەوە.