عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایش سکاڵا لەسەر ئیسرائیل تۆمار دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لەسەر بەکارهێنانی ئاسمانەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا لە دژی ئیسرائیل تۆمار دەکات. 
 
عێراق دەڵێت، بەکارهێنانی ئاسمانەکەی لە لایەن ئیسرائیلەوە "پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە."
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "قەوارەی ئیسرائیلی سنووری ئاسمانیی عێراقی پێشێل کرد و بۆ دەستدرێژییە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا بەکارهێنا."
 
عێراق داوا "لە ئەنجوومەنی ئاسایشی دەکات، دسەڵاتی خۆی بۆ وەەستاندنی قەوارەی ئیسرائیلی بەکاربێنێت و رێگە نەدات ئەم پێشێلکارییانە دووبارە بکاتەوە."
 
سەرچاوە ئەمنییەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە سێ مووشەکی ئیسرائیلی لە خاکی عێراق کەوتوونەتە خوارەوە، یەکێکیان لە دیالە و دووی دیکە لە زیقار.