سوودانی لەگەڵ هەڵسوڕێنەوەی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا کۆبووەوە؛ 'هێرشەکەی سەر ئێران پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتییە'

رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ستیفن فەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و جەنەراڵ کیڤن لێهی، فەرماندەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کۆبووەوە، ئەوەش دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. 
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا بە بەرپرسە ئەمریکییەکانی گوتووە: "ئەوەی بەرامبەر ئێران کرا، پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتییە و کارێکی دووژمنکارانەیە، بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی لاواز دەکات و هەڕەشە لە ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەکات."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "[سوودانی] جەختیشی کردەوە، لە کاتێکدا هێشتا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوامن، هێرشەکە نەوەک هەر هەوڵەکانی هێورکردنەوە لاواز دەکات، بەڵکو دەریدەخات کە نیاز هەیە بە مەبەست گرژییەکان زیاد بکرێن و ناوچەکە رابکێشرێتە نێو رووبەڕووبوونەوەیەکی فراوانتر، لەبری ئەوەی رێگری لێ بکرێت."
 
محەممەد شیاع سوودانی دەڵێت: "عێراق بە تەواوی رەتی دەکاتەوە خاک یان ئاسمانەکەی بۆ جێبەجێکردن یان ئاسانکردنی هەر کارێکی دووژمنکارانە دژی هەر وڵاتێکی دراوسێ بەکاربهێندرێت؛ هەروەها جەختی لە ماف و بەرپرسیارێتی عێراق بۆ پاراستنی سەروەریی خۆی کردەوە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد کە حکومەتی عێراق هەموو رێوشوێنە یاساییەکان بۆ ئەو مەبەستە دەگرێتەبەر، لەگەڵ داواکردن لە هەموو لایەنە نێودەوڵەتییەکان بۆ رێزگرتن لەم بنەمایە."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، "هەنگاوی بەرپرسیارانە و راستەوخۆ بنێن بۆ دووپاتکردنەوەی قەدەخەکردنی بەکارهێنانی هێز و کارکردن بۆ رێگریکردن لە خزانی ناوچەکە بۆ نێو گێژاوێکی توندوتیژیی جڵەونەکراو".
 
بە گوتەی نووسینگەی سوودانی، هەڵسورێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا و فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان جەختیان لە "هەڵوێستی راگەیەندراوی ئەمریکا کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک بەشدار نەبوون لە هێرشەکەدا، ئاماژەیان بە پەرۆشی وڵاتەکەیان کرد بۆ تێوەنەگلانی عێراق لەنێو ململانێکان کرد."