بزووتنەوەی سادیقوون داوا لە حکومەتی عێراق دەکات بەرگریی ئاسمانی دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بەکاربێنێت
رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی سادیقوون باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهیلی حەق کە قەیس خەزعەلی سەرکردایەتی دەکات و یەکێکە لە گرووپە نزیکەکانی ئێران لە عێراق، داوا لە حکومەتی بەغدا دەکات، سیستمی بەرگریی ئاسمانی بەکاربێنێت تاوەکو نەهێڵێت ئیسرائیل لە ئاسمانی عێراقەوە هێرش بکاتە سەر ئێران.
بزووتنەوەکە لە راگەیێندراوێکدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر تاران بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان" ناودەبات.
سادیقوون دەڵێت: "داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین، بە رۆل و ئەرکی خۆی هەستێت بۆ پاراستنی سنووری ئاسمانی و رێگە نەدات وەک رێڕەوێک بۆ فڕۆکەی دوژمنی زایۆنی بەکاربهێنرێت."
هاوپەیمانییە سیاسییەکە هەروەها داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، "پەلە لە ئامادەکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بکات کە بتوانێت رێگری لەم پێشێلکارییانە بکات".
هەروەها دەڵێت، هێرشەکانی ئیسرائیل "تاوانکاری، ستەم و دڕندایەتین" و بوونەتە هۆی کوژرانی "کۆمەڵێک لە سەرکردە و زانایانی ئێران لە ماڵەکانیان و لەنێو خێزانەکانیان."
سادیقوون داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، "هەنگاوی پێویست بنێن بەرامبەر بەم پێشێلکارییە ئاشکرایانەی کە هەڕەشە لە هەموو ناوچەکە دەکەن."
بزووتنەوەکە هەرەوها داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، "هەموو رێکارێکی پێویست لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی" لە دژی ئیسرائیل بگرێتەبەر.