کەتائیبی حیزبوڵڵا: ئەمریکا ئاسمانی عێراقی بۆ ئیسرائیل کردەوە؛ پێویستە هێزەکانی ئەمریکا دەربکرێن

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقی کە گرووپێکی چەکداری لایەنگری ئێرانە، داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، هێزەکانی ئەمریکا بکاتە دەرەوە، چونکە بە گوتەی خۆی، ئەمریکییەکان رێگەیان بە ئیسرائیل داوە ئاسمانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربێنن. 
 
کەتائیبی حیزبوڵڵا دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رەزامەندی بە ئیسرائیل داوە "هێرشی تاوانکارانە" بکاتە سەر ئێران.
 
دەشڵێت: "هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بە کردنەوەی ئاسمانی عێراق بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی قەوارەی زایۆنی، رێگەیان بۆ ئەم هێرشە خۆش کردووە."
 
ئەو گرووپە کە بەشێکە لە (بەرەی موقاوەمە) بە سەرکردایەتیی ئێران، دەڵێت: "ئەگەر دەڵێن نامانەوێت عێراق ببێتە گۆڕەپانی جەنگ، ئەوا پێویست بوو رۆڵی هێزە بیانییەکانی سەر خاکی عێراق و ئەوانەی ئاسمانەکەیان کۆنترۆڵ کردووە، کۆنترۆڵ بکرێت."
 
ئەو گرووپە داوا لە حکومەتی عێراق دەکات "بەپەلە" ئەو هێزە "دووژمنکارانە" لە وڵات دەربکات، بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆی "رێگری لە روودانی جەنگی زیاتر لە ناوچەکە و رشتنی خوێنی گەلانی ناوچەکە بکرێت".
 
کەتائیبی حیزبوڵڵا دەشڵێت: "عێراق بووەتە رێڕەوێک بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ئێران و گەلەکەی."
 
کەتائیبی حیزبوڵڵا هەرێمی کوردستانیش تۆمەتبار دەکات بەوەی گوایە بووەتە "گۆڕەپانێک" بۆ مۆساد و هەواڵگریی ئەمریکا و "لە سنوورەکانییەوە چەک بە قاچاخ دەبرێتە نێو ئێران بۆ کوشتنی هاووڵاتییانی ئێران و سووکایەتیکردن بە گەلەکەی."