سەرکردەکانی دەوڵەتی یاسا هێرشی تووند دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان
رووداو - هەولێر
دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی لە فرۆشتنی نەوت راگەیاند، بەرپرسانی دەوڵەتی یاسا بە ئاشکرا هێرشی تووند دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان و هەڵوێستی سەرکردە سیاسییەکانی کورد بە هۆکاری پارچەبوونی عێراق و خزمەتکردنی داعش وەسفدەکەن.
پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا دەڵێت هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی راستەقینە و راستگۆنییە لە بەڕێوەبردنی عێراقدا بەتایبەت لەگەڵ پێکهاتەی شیعە.
عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەتووندی هێرشدەکاتە سەر هەرێمی کوردستان و دەڵێت " هەرێمی کوردستان پەیوەندی لەگەڵ داعشدا هەیەو بەردەوام لەهەوڵدایە بۆ شکاندنی بەغدا". دەشڵێت " زۆربەی تیرۆریستەکان ئێستا لە هەرێمی کوردستانن".
ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا باسی ئەوەش دەکات کە " کوردستان بەهیچ شێوەیەک پابەندنەبووە بە بەغداوە، بەتایبەت لە رێککەوتنی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا، بەردەوام هەرێمی کوردستان 100 تا 200 هەزار بەرمیلی لە دەرەوەی سۆمۆ فرۆشتووە، ئەمەش نیشانەی پابەندنەبوونی هەرێمی کوردستانە بە رێککەوتننامەکەوە".
هەروەها عەلی معارج ئەلبەهادلی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا و جێگری لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت " هەرێمی کوردستان پابەندی رێککەوتننامەی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا نەبووە، داواش لە حکومەتی عێراق دەکات هۆشداری بداتە هەرێمی کوردستان لەبارەی پابەندنەبوونی بەو رێککەوتننامە نەوتییە".
لە بەرامبەردا پەرلەمانتارێکی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێیوایە، هەرێمی کوردستان پابەندبووە بە رێککەوتننامەکەوە و بڕیاری سەربەخۆیی فرۆشتنی نەوتیش بڕیارێکی ناچاری بووە، چونکە هەرێمی کوردستان زۆر چاوەڕێی بەغدای کرد، دواجار ناچاربوو میزانییەی خۆی پەیدابکات، ئەو پەرلەمانتارە هێرشی پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا بۆسەر هەرێمی کوردستان بە ناڕەوا وەسفدەکات و دەڵێت چاوەڕیی کاردانەوەی دیکەشین لە بەغدا.
لە 2-12-2014 بەغداو هەولێر رێككەوتننامەیەكیان واژۆكرد، بەپێی رێككەوتننامەكە دەبوو حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە بڕی 550 هەزار بەرمیل لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك و هەولێر هەناردەبكات، لە بەرامبەردا حكومەتی عێراق بڕی 17% ی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان رەوانەی هەولێر بکات، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بەغدای بەوە تۆمەتباردەکرد کە پابەندی رێککەوتتنامەکە نەبووە و بەشە بوودجەی کوردستانی نەناردووە، بۆیەش بڕیاریدا سەربەخۆیانە نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێت و چیدی نەوت لەڕێگەی سۆمۆوە هەناردەنەکات.