سوودانی و هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا جەخت لە دوورخستنەوەی ناوچەکە لە جەنگ دەکەنەوە


رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا پێشوازی لە ستیڤن فاگن، هەڵسوورێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد. لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی چەندین دۆسیەی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پێداچوونەوە بە بوارە سەرەکییەکانی هاریکاریی هاوبەش لە سێکتەرە جیاوازەکان تەرخانکرا کە بوارەکانی ئابووری، سیاسی و ئەمنی دەگرێتەوە.
 
تەوەرێکی سەرەکیی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دۆخی گشتیی ناوچەکە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانی و فاگن باسیان لە پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد و هاوڕابوون لەسەر "پێویستیی گرتنەبەری هەنگاوی راستەوخۆ لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ رێگریکردن لەوەی ناوچەکە بکەوێتە نێو گێژاوی جەنگەوە."