تەقینەوەی کۆگای چەک و تەقەمەنی لە بەغدا کاردانەوەی لێکەوتەوە

رووداو- هەولێر

رووداوی سووتان و ئاگرکەوتنەوەکەی کۆگای چەک و تەقەمەنی سەربازگەی سەقەری سەربە حەشدی شەعبی لە بەغدا کاردانەوەی جیاوازی لایەنە عێراقییەکانی لێدەکەوێتەوە و هەندێک پێیانوایە چەکی نێو کۆگاکە ئاسایی نەبوون و هی وڵاتێکی دراوسێ بوون.


بەها ئەعرەجی، جێگری سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق رایگەیاند، لە سرووشتی ئاگری کۆگاکەی سەربازگەی سەقەر دەردەکەوێت ئەو چەکانەی سووتان ئاسایی نین، نە سوپای عێراقی و تەنانەت حەشدی شەعبیش بەکاریان نەهێناوە. پێموایە "ئەمە ئەمانەتی وڵاتێکی دراوسێ بووە و ئەم ئەمانەتەش لەلایەن وڵاتێکی داگیرکەری ستەمکار کراوەتە ئامانج و لەسەر بنەمای خیانەتکردنێکی عێراقی".

لەسەر کردنە ئامانجیان حەشدی شەعبی هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات، یزن جبووری یەکێک لە بەرپرسانی حەشدی شەعبی رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا ناتوانێت کۆنترۆڵی ئەو لایەنە نادیارە بکات کە بۆردوومانی ئاسمانی لە دژی سەربازگەکانی حەشد ئەنجام دەدات، ئەوا دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بکات لایەنی نادیار هێرش بکاتە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا.

عەدنان فەیحان، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق راگەیاند، تەقینەوەکە دووبارەیە و رای جیاوازی لەسەرە، هەندێک باس لەوەدەکەن دەستە یاخود بۆردوومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە یان بۆردوومانکردنی هاوەنە. 

دەشڵێت سەربازگە و کۆگای چەک هەیە سەر بە هەندێک لایەنن تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەی حەشد، یاخود هێزە ئەمنییەکان هەژمار نەکراون، بەڵگەی رووداوی سەربازگەی سەقەریش هەیە، بەڵام بێدەنگی لێوەکراوە، بۆیە پێویستە لیژنەیەکی تایبەتمەند بە سەرپەرشتی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان پێکبهێنرێت بۆ هەڵوەستەکردن لەسەر ئەو رووداوانە و چارەسەرکردنیان.

لای خۆیەوە عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دوای بەسەرکردنەوەی شوێنی ئاگرەکە فەرمانی دەرکرد لێکۆڵینەوە لەو رووداوە تەواوبکرێت هۆکارەکەی دیاری بکرێت.

هاوکات داواشیکرد رێوشوێنی گونجاو لە سەرجەم سەربازگە و کۆگاکانی هێزە چەکدارەکان بگیرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارە بوونەوەی ئەو رووداوانە.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە لەنزیک عەلوەی رەشید لە باشووری شاری بەغدا ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی سەر بە حەشدی شەعبی کەوتەوە بەهۆیەوە کەسێک کوژراو 29ی دیکە برینداربوون.

لە مانگی ئەیلوولی 2016ـەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 15 ئاگر لە کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی کەوتوونەتەوە کە زۆربەیان هۆکارەی بۆ خراپی کۆگاکردن و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و شۆرتی کارەبا گەڕێندراوەتەوە.