"بۆت"ـی زانیارى هەفتەیەک تەلەگرامی لە عێراق راگرت

رووداو دیجیتاڵ 

ناوى سیاسیى کەسێک لە عێراق بنووسە و سەرجەم زانیارییە تایبەتەکانیت دەداتێ، ژمارەى تەلەفۆن، شوێنى نیشتەجێبوون، مووچە و شوێنى کارەکەى، ئەم زانیاری وەرگرتنە بەرامبەر بڕێک پارە لە رێگەى "بۆت"ـەکانى تۆڕى کۆمەڵایەتیی تەلەگرامەوە دەکرێت کە هۆکارێکى سەرەکیی هەفتەیەک راگرتنى ئەو تۆڕە بوو.    
 
دواى هەفتەیەک لە راگرتنى، 13ـی ئاب تۆڕى کۆمەڵایەتیی تەلەگرام لە عێراق کەوتەوەکار ئەوەش دوای ئەوەی پێشنیوەڕۆى 6ـی ئاب لە پڕێکدا و بەبێ ئاگادارکردنەوەى پێشوەخت لەکارکەوت، پاش چەند کاژێرێک وەزارەتى گەیاندنى عێراق لە روونکردنەوەیەکدا گوتى، "راگرتنەکە لەسەر داوا و پێشنیازی دەسەڵاتە باڵاکان و پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانییەوە بووە."
 
ئیبراهیم میرانى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى گواستنەوە و پەیوەندییەکان لە پەرلەمانى عێراق لە پۆدکاستى رووداوى عێراق گوتى، "لەگەڵ هیام یاسرى، وەزیرى گەیاندن قسەم کرد، پێى گوتم کە بڕیارەکە بەهۆى دزەکردنەوە بووە لە رێگەى کۆمپانیاى تەلەگرامەوە، چەند جارێکیش کۆمپانیاکە لەوە ئاگادارکراوەتەوە، ئەو راگرتنە بۆ ماوەیەک تاوەکو لەگەڵ تەلەگرام دەگەنە رێککەوتن."
 
بەگوێرەى بەدواداچوونى رووداو، گرووپ لە تۆڕى تەلەگرام لە عێراق هەیە بە فایل زانیارى بڵاوکردووەتەوە، لەوانە سەرجەم بەندکراوانى گرتووخانەى ئەبو غرێب لە بەغدا، ناوى فەرمانبەران و کارمەندانى پۆلیسی هاتووچۆ لە عێراق، بەشێک لە نووسراوى نهێنیى دامەزراوەکانى حکومەت بە تایبەت دەزگا ئەمنییەکان لەو گرووپانەى تەلەگرام بڵاودەکرێتەوە، ئەگەرچى زۆربەیان لە بەشى سەرەوەی نووسراوەکە رەنگێکى تۆخ نووسراوە "نهێنى و شاراوە."
 
کرۆکى کێشەیەکە ئەوەیە زانیاریی کەسی لە دامەزراوە فەرمییەکانەوە دزەى پێکراوە و لە رێگەى "بۆت"ـى تەلەگرامەوە بڵاوکراوەتەوە.
 
یەکێک لە بۆتەکان بەناوى "زانیارییەکان لە عێراق" ئەو کارە دەکات، کە بەشدار دەبیت ناوەکەى دەگۆڕێت بۆ "ئاڵنگارییەکانى ئارایشتگەى رەحمە" ئەو ناوە بۆ ئەوەیە هیچ گومانێک لەسەرى نەبێت.
 
لە بۆتەکەدا نووسراوە 70 هەزار دینار بدە لەڕێگەى یەکێک لە ئەپلیکەیشنەکانى پارەدانى کۆمپانیایەکى پەیوەندیی تەلەفۆنى لە عێراق بۆ ئەوەى بۆ ماوەى مانگێک کارا بێت، دواتر ناوى هەر کەسێکى دەدەیتێ ناوى ئەندامانى خێزانەکەى، کار و مووچەى، ژمارە تەلەفۆنەکەى، شوێنى نیشتەجێبوونى و چەند زانیارییەکت دەداتێ.
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو، هەنگاوى یەکەمى راگرتنى تەلەگرام داخستنى ئەو بۆتانە بووە.
 
بڕیارى داخستنى بۆت و پەیجەکانى تەلەگرام لە عێراق لەلایەن لیژنەیەکەوە دەدرێت کە نوێنەرانى دەزگاى هەواڵگرى، دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى، نووسینگەى سەرۆکوەزیران، وەزارەتى گەیاندن، دەستەى راگەیاندن و گەیاندنى عێراقى تێدایە، لە پەیوەندیدان لەگەڵ نووسینگەى خۆرهەڵاتى نێوەڕاستى کۆمپانیاى تەلەگرام کە لە ئیماراتە.
 
بەگوێرەى دوو ئامارى وەزارەتى ناوخۆى عێراق و ناوەندى راگەیاندنى ژمێرەیی کە دامەزراوەیەکى ئەهلییە لە عێراق، ژمارەى ئەو کەسانەى لە عێراق بەشدارییان کردووە لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى تەلەگرام 16ملیۆن کەسن کە دەکاتە چوار یەکى تەواوى دانیشتووانەکەى و لە پلەى دووەم دێت لە دواى فەیسبووک کە 18 ملیۆن بەشداربووى هەیە.
 
راگرتنى پەیجەکانى تەلەگرام یار و نەیاری هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگیی شیعەى گرتووەتەوە کە زۆرینەى حکومەتى عێراقیان بەدەستەوەیە. ژمارەیەک گرووپى نزیک لە حەشدی شەعبی یان هێزە شیعەکانى نزیک لە ئێران لە تەلەگرام داخراون، لەوانە سەیدە خەزرا، جمهوری حەناتە، تەرە نیوز، ئەوە وایکرد کە ئەو گرووپانە رەخنە لە بڕیارى راگرتنى تەلەگرام بگرن.
 
فراکسیۆنى حقووق لە پەرلەمانى عێراق کە باڵى سیاسى حیزبوڵاى عێراقە، هەر زوو داواى روونکردنەوەى لە وەزارەتى گەیاندن کرد.
 
سعود ساعدى، سەرۆکى فراکسیۆنەکە لە بەشداریکردنیدا لە پۆدکاستی رووداوى عێراق گوتى، "ئەگەر پاساوەکە ئەوە بێت کە ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە دزەى کراوەتە ناو، ئایا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى دیکەش کە ئەگەر دزە بکرێتە ناویان هەموویان دادەخرێن؟" گوتیشی، "من ناتوانم کەس تۆمەتبار بکەم بەبێ بەڵگە، بەڵام لە تەلەگرام چەندین کەناڵى نیشتیمانى هەن رووبەڕووى سیاسەتى ئەمریکا دەبنەوە."
 
ئەو بڕیارە رەوتى سەدریشی پێکاوە کە موقتەدا سەدر رێبەرایەتیی دەکات و گرووپەکانى نزیک لەو رەوتە داخراون: لەوانە بەغدا، نەجەف، ئۆرۆک.