دەنگدانى ئەزموونى لە عێراق و هەرێمى کوردستان دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، دەنگدانى ئەزموونى لە 15 پارێزگاکەى عێراق و سێ ناوەندى هەرێمى کوردستان ئەنجام دەدات، وەک ئامادەکارى بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان.
 
13ى ئابى 2023، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: دووى ئەیلوول، دەنگدانى ئەزموونى لە 906 بنکەى دەنگدانى 15 پارێزگاکەى عێراق و سێ ناوەندى دەنگدانى هەرێمى کوردستانى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان دەکرێت.
 
عیماد جەمیل گوتیشى: "ئەزموونکردنەکە سەرجەم پڕۆسەکانى دەنگدان و هەژمارکردنى دەنگ و ناردنى ئەلیکترۆنى راستەوخۆى زانیارییەکان بۆ ناوەندى سەرەکى لە بەغدا دەگرێتەوە، کە ماوەى دوو کاژێرى پێدەچێت و ئەو ئەزموونکردنە بۆ ئامادەکارى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراقە".
 
لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 و بۆ یەکەمجار لەدواى 10 ساڵ، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق دەکرێت، یەکەمجاریشە لە دواى 18 ساڵ ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک بکرێت.
 
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، ئەو دەنگدانە ئەزمونییەى لە هەرێمى کوردستان دەکرێت، بۆ ئامادەکارى دەنگدانى دانیشتووانی کەمپى ئاوارەکانە. 
 
لە سنوورى هەرێمى کوردستان، 15 کەمپى ئاوارەکان هەن، شەشیان لە هەولێر و چواریان لە سلێمانى و پێنجەکەى دیکە لە دهۆکن، کە نزیکەى 600 هەزار ئاوارەیان تێدان.
 
کۆمیسیۆن لە رێگەى تیمى گەڕۆکەوە بە نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران لە کەمپى ئاوارەکانى هەرێمى کوردستان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەکات کە دەتوانن لەو ناوەندنەى بۆیان دیاریدەکرێت دەنگ  بە بەربژێرانیان بدەن لە پارێزگاکانیان کە زۆرینەیان ئاوارەى پارێزگاکانى نەینەوا، ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالە-ن.