لە بەسرە پاسێکی زیارەتکارانی ئێرانی وەرگەڕا؛ 8 کەس گیانیان لەدەستدا و 40ی دیکە بریندارن
رووداو دیجیتاڵ
پاسێکی زیارەتکارانی ئێرانی لە پارێزگای بەسرە وەرگەڕا و بەهۆیەوە لانیکەم 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و 40ی دیکە بریندار بوون.
عەلی فرێجی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە، ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی ئابی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پاسێکی زیارەتکارانی ئێرانی لەنێوان ناوچەی رومێلە و بازگەی سدرە وەگەڕاوە، هۆکاری رووداوەکەش بۆ تەقینی یەکێک لە تایەکانی پاسەکە و لەدەستدانی کۆنترۆڵ دەگەڕێتەوە.
عەلی فرێجی، ئاماژەی بەوەش کرد، پاسەکە سەرنشینی زۆری تێدابووە و بەهۆیەوە، جگە لە گیانلەدەستدانی 8 کەس، نزیکەی 40 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانە کراون و تەرمەکانیش گەیێندراونەتە دادپزیشکی.
پاشنیوەڕۆی دوێنێش لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی عەفەک لە پارێزگای دیوانییە، 8 کەس گیانیان لەدەستدا. دوو لەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا کوڕی کەریم محەممەداوی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقن.