باڵیۆزخانەی ئێران لە عێراق: لێدوانەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەستوەردانێکی قبووڵ نەکراون
رووداو دیجیتاڵ
دوای باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن، باڵیۆزخانەی ئێرانیش لە بەغدا لەبارەی قسەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لێدوانەکان بەڵگەیەکی روونی "تێکدەرانەی ئەمریکان."
ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی ئاب، باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا رایگەیاند، لێدوانەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دژی واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ هاوکاری لەنێوان ئێران و عێراق، دەستوەردانێکی قبووڵ نەکراون لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتی سەربەخۆی دراوسێ.
باڵیۆزخانەکە دەشڵێت، "لێدوانەکان بەڵگەیەکی روونی ئەو رێبازە تێکدەرانەن کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرامبەر وڵاتانی ناوچەکە پەیڕەوی دەکات."
بەرەبەیانی ئەمڕۆش، باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی لێدوانەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای دایەوە و رایگەیاند، "جەخت دەکەینەوە کە عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەریی تەواوە و مافی خۆیەتی رێککەوتننامە و یاداشتی لێکتێگەیشتن بەگوێرەی دەستوور و یاسا نیشتمانییەکانی واژۆ بکات، بە شێوەیەک لەگەڵ بەرژەوەندییە باڵاکانی بگونجێت."
لە راگەیێندراوەکەی باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن هاتووە، "عێراق پەیوەندیی دۆستانە و هاوکاریی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی جیهان هەیە، لەنێویاندا وڵاتانی دراوسێ، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی دۆست، هەروەها سوورە لەسەر بنیادنانی ئەم پەیوەندییانە لەسەر بنەمای رێزی دوولایەنە و بەرژەوەندیی هاوبەش."
ئەم کاردانەوەیە دوای ئەوە هات، شەوی رابردوو تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا وەڵامی پرسیاری دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن لەبارەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی رۆژی دووشەممەی نێوان ئێران و عێراق و پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی دایەوە.
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی دیار کوردە و تامی برووس
رووداو: دیار کوردە لە تۆڕی میدیایی رووداو، میدیاییەکی کوردستانییە. بەرلەهەموو شتێک، پیرۆزباییت لێدەکەم بۆ بەربژێکردنت لەلایەن سەرۆکەوە بۆ پۆستەکەت لە نەتەوەیەکگرتووەکان. بە عێراق و سووریا دەستپێدەکەم، دوای ئەوەی نیگەرانی خۆتان سەبارەت بە پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی دەربڕی کە پێتان وایە کاریگەری ئێران لە عێراق زیاد دەکات، بینیمان دوێنێ باڵاترین بەرپرسی ئەمنی ئێرانی، عەلی لاریجانی لە بەغدابوو، رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ عێراق واژۆکرد. ئێوە هیچ نیگەرانییەکتان سەبارەت بەم رێککەوتنە هەیە؟ هەروەها گوشارتان لە بەغدا کردووە کە ئەم پڕۆژە یاسایە پەسند نەکات؟ ئەگەر پەسند بکرێت، ئەنجامی خراپی بۆ بەغدا دەبێت؟
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پێشتریش گوتوومانە، دژایەتیی هەر پڕۆژەیاسایەک دەکەین کە لەگەڵ ئامانجەکانی هاوکاری و هاوبەشیی ئەمنیی دوولایەنەی ئێمەدا نەگونجێت و پێچەوانەی بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێستای عێراق بێ. ئێمە پشتگیریی سەروەریی راستەقینەی عێراق دەکەین، نەوەک ئەو پڕۆژەیاسانەی عێراق دەکەنە وڵاتێکی پاشکۆی ئێران. بۆیە، پێم وایە لەم دۆخە دیاریکراوەدا، بێگومان و لە دۆخەکانی دیکەشدا، روون بووین لەوەی کە داهاتووی گەلان دەبێت لە دەستی گەلان خۆیاندا بێ. بێگومان پابەندبوونمان لێرەدا، وەک روونمان کردووەتەوە، ئەم دۆخە [جووڵە تایبەتە]، پێچەوانەی ئەو پابەندبوونەیە کە بە گشتی سەبارەت بە ئاسایش هەمانبووە.