راوێژکارێکی سوودانی: دەکرێت هەناردەی رۆژانەی نەوت لە رێگەی سووریاوە بگاتە 1.7 ملیۆن بەرمیل
رووداو دیجیتاڵ
عێراق و سووریا لە هەوڵی بەگەڕخستنەوەی بۆریی نەوتی کەرکووک-بانیاس دان. راوێژکارێکی سوودانی دەڵێت، ئەو بۆرییە جێگرەوەی هیچ بۆرییەکی دیکە نابێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئابی 2025، د. موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاراکردنەوەی بۆریی نەوتی کەرکووک-بانیاس جێگرەوەی هیچ هێڵێکی دیکە نابێ. ئەو هەنگاوە بۆ ئاراستە جیاوازەکانی وڵات لە پەرەپێدانی کەرتی نەوت دەگەڕێتەوە. یەکێک لە ئاراستەکان هەمەجۆرکردنی رێگەکانی هەناردەکردنە بۆ ناوچە جیاوازەکانی بەکاربردنی وزە و دابینکردنی بازاڕی هەمەجۆرە، بەتایبەتی بازاڕەکانی ئەورووپا."
بە گوتەی د. موزهر، هەمەجۆرکردنی رێڕەوی هەناردەکردنی نەوت ئاراستەیەکی دیکەی حکومەتە کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی توانای داهاتووی هەناردەکردنی نەوتی خاو دەگونجێ، "بەجۆرێک پێشبینی دەکرێ لە کۆتایی ساڵەکانی پلانی گەشەپێدانی نیشتمانیی 2024-2028، کۆی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ شەش ملیۆن بەرمیل بەرزبێتەوە."
موزهر محەممەد ساڵح گوتیشی: "نابێ ئەو ئاراستەیەشمان لەبیر بچێ هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە چوارچێوەی سیاسەتی هەمەجۆرکردنی هەناردەکردندایە، ئەوەش لە رێگەی بەرزکردنەوەی تواناکانی پاڵاوتنەوە دەبێت کە پێویستی بە هێڵی گواستنەوەیە بۆ بازاڕە جیاوازەکان."
سەبارەت بە قەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگەی بۆریی نەوتی کەرکووک-بانیاس ئاماژەی بەوە کرد: "هەناردەکردن لە رێگەیەوە دەگاتە 1.7 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، بە مەرجێک چاکسازیی بنەڕەتی بۆ بکرێ، چونکە هێڵەکە لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی عێراق-ئێرانەوە پشتگوێ خراوە."
لە وەڵامی ئەوەی ئایا دەتوانرێت لە رێگەی ئەو هێڵەوە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێ، راوێژکارەکەی سوودانی گوتی: "لە سیاسەتی نەوتیی فیدراڵیدا ئەگەری هەموو شتێک هەیە."
دوێنێ محەممەد بەشیر، وەزیری وزەی سووریا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بەگەڕخستنەوەی هێڵی بۆریی نەوتی کەرکووک-بانیاس کراوە و بڕیارە لیژنەیەکی تەکنیکیی هاوبەش بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هێڵەکە و تاوتوێکردنی بژاردەکانی نۆژەنکردنەوەی پێکبهێنرێ.
بۆریی نەوتی کەرکووک-بانیاس لە ساڵی 1952 دروستکراوە و درێژییەکەی 800 کیلۆمەترە.
هەر لە نیسانی ئەم ساڵ دا، حکومەتی عێراق دانوستاندنی لەگەڵ سووریا دەستپێکرد بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بەندەرەکەوە بۆ گەیاندنی نەوتەکە بە دەریای نێوەڕاست و شاندێکی باڵای عێراق سەردانی دیمەشقی کرد بۆ گفتوگۆ لەسەر پلانەکانی بەگەڕخستنەوەی ئەو هێڵە.