قاسم ئەعرەجی بۆ رووداو: ئەوەی لەگەڵ ئێران واژۆمان کرد، کۆنووسێکی ساڵی 2023 بوو و کردمانە یاداشتنامە

 
رووداو دیجیتاڵ

کاردانەوەکان لە بەرامبەر واژۆکردنی دوایین یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان عێراق و ئێران بەردەوامن. راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، ئەوەی "کردوومانە مافێکی ئاسایی خۆمانە."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی ئابی 2025 قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مافێکی ئاسایی عێراقە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هەرێمی و نێودەوڵەتی واژۆ بکات."
 
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گوتی، "ئێستاش یاداشتێکی هاوکاریی ئەمنی و سەربازیمان لەنێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و بەریتانیا هەیە کە ئامادەیە بۆ واژۆکردن."
 
19ی ئاداری 2023 عێراق و ئێران لە بەغدا کۆنووسێکی ئەمنیی هاوبەشیان واژۆ کرد.
 
لەبارەی جیاوازیی یاداشتنامەکەی رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە لەگەڵ ئەو کۆنووسەی 2023، قاسم ئەعرەجی گوتی، "ئەوەی لە 2023 واژۆکرا کۆنووسێکی ئەمنی بوو. ئەم ساڵ ئەو کۆنووسەمان کردە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەمنی، ئەوەندە زیاتر نییە."
 
یاداشتنامە ئەمنییەکە رۆژی دووشەممە 11-08-2025 بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەلایەن قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و عەلی لاریجانی، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە بەغدا واژۆ کرا.
 
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، یاداشتنامە لێکتێگەیشتنە ئەمنییە هاوبەشەکە "تایبەتە بە هاوئاهەنگیی ئەمنی لە سنوورە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات."
 
شەوی رابردووش تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا وەڵامی پرسیاری دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن لەبارەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی رۆژی دووشەممەی نێوان ئێران و عێراق و پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی دایەوە و گوتی، "دژایەتیی هەر پڕۆژەیاسایەک دەکەین کە لەگەڵ ئامانجەکانی هاوکاری و هاوبەشیی ئەمنیی دوولایەنەی ئێمەدا نەگونجێت و پێچەوانەی بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێستای عێراق بێت."
 
تامی برووس گوتیشی، "ئێمە پشتگیریی سەروەریی راستەقینەی عێراق دەکەین، نەوەک ئەو پڕۆژەیاسانەی عێراق دەکەنە وڵاتێکی پاشکۆی ئێران. بۆیە، پێم وایە لەم دۆخە دیاریکراوەدا، بێگومان و لە دۆخەکانی دیکەشدا، روون بووین لەوەی کە داهاتووی گەلان دەبێت لە دەستی گەلان خۆیاندا بێت."
 
تامی برووس گوتی، "بێگومان پابەندبوونمان لێرەدا، وەک روونمان کردووەتەوە، ئەم دۆخە [جووڵە تایبەتە]، پێچەوانەی ئەو پابەندبوونەیە کە بە گشتی سەبارەت بە ئاسایش هەمانبووە."
 
لە بەرامبەردا هەردوو باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن و باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا وەڵامی قسەکانی تامی برووسیان دایەوە.
 
باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا دەڵێت، لێدوانەکان بەڵگەیەکی روونی "تێکدەرانەی ئەمریکان." باڵیۆزخانەی عێراقیش لە واشنتن رایگەیاند، عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەریی تەواوە و مافی خۆیەتی رێککەوتننامە و یاداشتی لێکتێگەیشتن بەگوێرەی دەستوور و یاسا نیشتمانییەکانی واژۆ بکات.