حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاریدا ئەرکی سوپای وڵاتەکەی لە عێراق بۆ ماوەی ساڵێک درێژ بکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا بڕیاریدا ئەرکی سوپای وڵاتەکەی لە عێراق بۆ ماوەی ساڵێک [تاوەکو 31-10-2024] درێژ بکاتەوە. بڕیارەکە دەچێتە پەرلەمانی وڵاتەکە و لەوێ پەسند دەکرێت. 
 
حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت، "سوپای وڵاتەکەمان لەسەر داوای عێراق لەو وڵاتە دەمێنێتەوە و پشتگیریی لە ئاشتی و سەقامگیریی دەکات." 
 
ئەرکی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان 31ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ کۆتایی دێت، بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا ماوەی ساڵێک درێژی کردەوە و چاوەڕوان دەکرێت پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیاش دەنگ بە درێژکردنەوەکە بدات.
 
20ی ئەم مانگە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا دەستپێدەکەنەوە و بڕیارەکەی حکومەت دەنێردرێتە پەرلەمان بۆئەوەی لەوێ دەنگی لەسەر بدرێت و پاشان دەبێت ئەنجوومەنی فیدراڵی پەسندی بکات.
 
رۆژی 21-10-2022 پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ بڕیاردان لەسەر درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە کۆی 644 پەرلەمانتار 535 پەرلەمانتار بە "بەڵێ" بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەنگیان دا و 104 پەرلەمانتار بە "نەخێر" و 4 پەرلەمانتاریش دەنگیان نەدا.
 
لە ساڵی 2014وە ئەڵمانیا ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە کە لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی، مەشق و راهێنان، هاوبەشیکردنی زانیاریی هەواڵگری، لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش و سزادانی چەکدارەکانی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە رزگارکراوەکان، یارمەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات.