سوودانی: بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن دەستبەرداربوونە لە مافی هاووڵاتییان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانیان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێویستیی بەشداریی کارا لە هەڵبژاردنەکان و هەڵبژاردنی کەسی شایستەی بە سەرۆکی هۆزە عەرەبەکانی تاجی راگەیاند. جەختیکردەوە، بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، دەستبەرداربوونە لە مافی هاووڵاتییان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانیان.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو 12ی تشرینی یەکەمی 2025 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لە سەرۆک هۆز و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەی تاجی لە باکووری بەغدا کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەختی لە "پێویستیی بەشداریی کارا لە هەڵبژاردنەکان و هەڵبژاردنی کەسی شایستە" کردەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بەردەوام بێت. ئاماژەی بەوەشدا، بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، دەستبەرداربوونە لە مافی هاووڵاتییان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانیان. هەروەها دووپاتی کردەوە، پێداویستییەکانی هاووڵاتییان لە پێشەوەی بایەخەکانی حکومەت بوون و ماونەتەوە، کە پێکهێنانی حکومەت نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر، دەرفەتێک بوو بۆ چاککردنەوەی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و هاووڵاتی.
ئاماژەی بەوەشدا، حکومەت چاکسازیی پێکهاتەیی گرنگی ئەنجام داوە، بەتایبەتی لە کەرتی ئابووریدا، هەروەها چارەسەری راستەقینەی بۆ قەیرانی سووتەمەنی داناوە، لە ڕێگەی پڕۆژەی جێبەجێکراو لەلایەن کۆمپانیا جیهانییەکان و بە هاوکاریی هەوڵی نیشتمانی.
سوودانی، جەختی کردەوە، پڕکردنەوەی پێداویستییە نێوخۆییەکان بۆ سووتەمەنی، نزیکەی 4 ملیار دۆلار بۆ عێراق دەگەڕێنێتەوە، کە پێشتر بۆ هاوردەکردنی گاز تەرخان کرابوو.
سەرۆکوەزیران، ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت کاری کردووە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و بنەماکانی ژیانێکی شایستە و ئاسایش و سەقامگیری. هەروەها هەوڵی خزمەتگوزاری و ئەندازەیی پێکهێناوە، کە بەشداریی لە کەمکردنەوەی تێچوو و خێراکردنی جێبەجێکردندا کردووە لەو ناوچانەی کە ساڵانێکە هیچ خزمەتگوزارییەکیان نەبینیوە.
دووپاتیکردەوە، کۆمەڵگەی عێراقی، بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، یەکگرتوو و پتەوە و توانیویەتی بە هۆشیاری و حیکمەتی پێکهاتەکانی کۆمەڵگە، بەتایبەتی هۆزە عەرەبییە رەسەنەکان، بەسەر ئاژاوە تائیفی و نەتەوەیی و ناوچەییەکاندا زاڵ بێت.
دووپاتیشی کردەوە، حکومەت کار بۆ دابینکردنی هەلیکار بۆ گەنجان و دەرچووانی زانکۆکان دەکات، لە رێگەی واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکان و دەستپێکردنی پڕۆژە لە کەرتە جیاوازەکاندا.
سوودانی، ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق بووەتە ژینگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنان و کۆمپانیا عەرەبی و بیانییەکان بە گەرمی ڕووی تێدەکەن. جەختیشی کردەوە، حکومەت بە سیاسەتێکی هاوسەنگ و بەرپرسیارییەوە توانیویەتی بەرژەوەندییەکانی عێراق و عێراقییەکان بپارێزێت، کە بەهۆیەوە توانیویەتی کاریگەریی رووداوەکانی ناوچەکە تێپەڕێنێت و وڵات لە شەڕی بەوەکالەت بەدوور بگرێت.
سوودانی، ئاماژەی بەوەشدا، ستایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ هەڵوێستی عێراق هەیە، وەک بەشێک لە دۆخی سەقامگیریی ناوچەکە.