موقتەدا سەدر لەبارەی 78 بەربژێر: لە سەدر یاخی بوون و دەنگیان پێمەدەن
رووداو دیجیتاڵ
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە داوای بایکۆتکردنی 78 ئەندامی رەوتەکەی دەکات کە خۆیان لە لیستە جیاوازەکاندا بۆ هەڵبژاردنی عێراق بەربژێرکردووە و بە "یاخیبووان لە ئالی سەدر" ناویان دەبات.
ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، بە دەستنووس و مۆری تایبەتی خۆی، هەڵوێستی لەبارەی ئەو 78 ئەندامەی رەوتەکەی دەخاتەڕوو کە خۆیان لە لیستە جیاوازەکاندا بۆ هەڵبژاردنی شەشەمین خولی ئەنجوومەنی نوێنەران بەربژێر کردبوو.
موقتەدا سەدر لە وەڵامی ئەو نوسراوەی لە نووسینگەکەی بۆی نێردراوە، کە تێیدا ناوی 78 ئەندامی ئێستا و پێشووی رەوتەکە نوسراوە و خۆیان بۆ هەڵبژاردن بەربژێر کردووە، داوای بایکۆتکردنیان دەکات.
لە نوسراوەکەدا کە ئاڕاستەی موقتەدا سەدر کراوە، نوسراوە: لیستی ئەو ناوانەتان بۆ بەرز دەکەینەوە کە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمان بەربژێر کردووە. بەشێکیان لە رەوتی نیشتمانیی شیعی جیابوونەتەوە و بەشێکی دیکەشیان پێشێلی فەرمانتان بوون بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنەکان.
موقتەدا سەدر بەم چەند دێڕە هەڵوێستی خۆی دەخاتەڕوو: "ئەم جۆرە کەسانە هەوڵ دەدەن نیشتمان و مەزهەبە پیرۆزەکەش لاواز بکەن و دژایەتیی پرۆژەی چاکسازیی دەکەن. دەیانەوێت بە هاوپەیمانیکردنیان لەگەڵ بەشێک لە کوتلە گەندەڵەکان، پرۆژەی گەندەڵی بەهێز بکەن کە هیچ خەمێکیان نییە جگە لە بەدەستهێنانی پارە و دەسەڵات. گەل و نیشتمانیان بەجێهێشتووە کە بەدەست نەهامەتییەکانی هەژاری و مەترسییە ئەمنییەکانەوە دەناڵێنن. کەواتە، دەبێ بایکۆتیان بکەن، چونکە ئەوان یاخی بوونیان لە ئێمە، ئالی سەدر، راگەیاندووە. ئەمەش تەنیا لەبەر رق و کینیانە بۆ چاکسازی و نیشتمانە بریندارەکە."
لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کە لە ساڵی 2021 بەڕێوەچوو. رەوتی سەدر 73 کورسی بە دەستهێنا و دواتر کشایەوە.