مەشعان جبووری داوا دەکات خۆی جێگەی کوڕەکەی و کچێکیشی جێگەی بەربژێرێکی دوورخراوەی لیستەکەی بگرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

مەشعان جبووری، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق داوا لە کۆمیسیۆن دەکات خۆی لەجێی کوڕەکەی و کچێکیشی لەجێی بەربژێرێکی دوورخراوەی لیستەکەی لە پارێزگای سەلاحەدین دابنرێن. ئەندامێکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆن دەڵێت، "ماوەى گۆڕینى بەربژێران کۆتایی هاتووە."
 
مەشعان جبووری لە تۆڕی ئێکس رایگەیاندووە، رۆژی 9ی تشرینی یەکەم داواکاریی پێشکێش بە کۆمیسیۆن کردووە بۆئەوەی جێی 'یەزن جبووری'ی کوڕی بگرێتەوە لە لیستی سقوور، هەروەها 'هۆزان'ی کچی ببێتە بەربژێری جێگرەوەی عەنیدە سالم عەلی، بەربژێری دوورخراوەی هەمان لیست لە پارێزگای سەلاحەدین.
 
یەزن جبووری، سەرلیستی سقوور بوو لە پارێزگای سەلاحەدین، کە یەکێکە لە لیستە عەرەبییە سوننەکان و لە 8ی ئەیلوولی 2025 لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە رەتکرایەوە بەهۆی دزەکردنی تۆمارێکی دەنگییەوە کە باسی بەرتیل وەرگرتن دەکات.
 
مەشعان جبووری رایگەیاندووە، دوای پێشکێشکردنی داواکارییەکەی، کۆمیسیۆن بڕیاری داوە گۆڕینی بەربژێران رابگرێت و دەڵێت، "رۆژی پێنجشەممە کۆمیسیۆن لە کوێى ئەو هۆکارە تەکنیکیانە بوو، کەسانی دەسەڵاتدار لەپشت دوورخستنەوەی خێزانەکەم بوون لە هەڵبژاردن."
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 12ی تشرینی یەکەم لە رێگەی بڕیارێکەوە گۆڕینی بەربژێرەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق راگرت.
 
دووشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2025، حەسەن زایر، ئەندامی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ماوەی گۆڕینی بەربژێرانی دوورخراوە راگیراوە و هەر بەربژێرێکی دوورخراوە لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بەدەستبهێنێت، دەنگی خۆی و لیستەکەشی بە پووچەڵ هەژمار دەکرێت."
 
نزیکەی 8000 بەربژێر کێبڕکێ دەکەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و کاخەزى دەنگدان بۆ ئەو هەڵبژاردنە لە چاپکردندایە و ئەوە پاساوی کۆمیسیۆنە بۆ ئەوەی لە رووی تەکنیکییەوە ناتوانێت بەربژێران بگۆڕێت.
 
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمى ئەم ساڵ دەکرێت، هەر پارێزگایەکی عێراق و هەرێمی کوردستان بازنەیەکی هەڵبژاردنە.