جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ: رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت نوێ دەکرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ بە رووداوی گوت، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بێ کێشە بەردەوامە و رۆژانەش بەرهەمهێنان زیاد دەکات؛ راشیگەیاند، سەرجەم ئەو کێڵگانەی نەوت پێشتر راگیرابوون، دەستیان بەکارکردن کردووەتەوە.
 
د. حەمدی شنگالی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ئێستا نەوتی هەرێمی کوردستان لە پێشهابوور رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکرێت، ئەوانیش لە رێگەی بۆرییەوە نەوتەکە دەگەیێننە بەندەری جیهان. کۆمپانیای سۆمۆ نەوتەکە دەداتە ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵدا کراوە و ئەوان زۆربەی بۆ وڵاتانی ئەورووپا هەناردەی دەکەن، چونکە بەهۆی نزیکیی شوێنی جوگرافییەوە، تێچووی گواستنەوە کەمترە و نەوتەکە بە خێرایی دەگاتە دەست کڕیار، بەپێچەوانەی رێگەی دەریایی کە مانگ و نیوێک تاوەکو دوو مانگ دەخایەنێت.
 
رێککەوتنی بەغدا و هەولێر و کۆمپانیا نەوتییەکان
 
جێگری بەڕێوەبەری سۆمۆ ئاشکرای کرد، دوای گفتوگۆیەکی زۆر و هەوڵێکی زۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان و  سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆمپانیا نەوتییەکان رازی بوون بە رێککەوتنەکە و سەرجەم داواکارییەکانیان جێبەجێ کراوە.
 
د. حەمدی شنگالی ئاماژەی بەوەدا، گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان جیاوازن لە گرێبەستەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، چونکە لە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان کۆمپانیا خۆی پارە خەرج دەکات بۆ گەڕان و بەرهەمهێنان و دواتر قازانجی خۆی وەردەگرێت، بەڵام لە باشووری عێراق حکومەت پارە خەرج دەکات. گوتیشی: "تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرزترە، چونکە ناوچەکە شاخاوییە و کێڵگەکان دژوارترن. بۆیە ئەو 16 دۆلارەی بۆ هەر بەرمیلێک دیاریکراوە، بۆ دابینکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەیە."
 
کۆمپانیای راوێژکاری و ماوەی گرێبەستەکان
 
د. حەمدی شنگالی رایگەیاند، کۆمپانیایەکی راوێژکاری بیانی بۆ هەڵسەنگاندنی گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان هاتووە و ماوەی 60 رۆژی هەیە بۆ ئەوەی راپۆرتی خۆی پێشکەش بکات، بەڵام پێیوایە کارەکە ئاسان نییە و لەوانەیە زیاتر لەو ماوەیە بخایەنێت. گوتیشی: "ئەم کۆمپانیایە هیچ دەستکارییەکی گرێبەستەکان ناکات"، بەڵکو تەنیا بۆ دڵنیابوونەوە لە یاسایی بوونیان و شێوازی کارکردنیانە، چونکە دادگای عێراق پێشتر یاساییبوونی ئەم گرێبەستانەی پشتڕاست کردووەتەوە.
 
لەبارەی ماوەی رێککەوتنەکەش، د. حەمدی شنگالی گوتی: "رێککەوتنەکە بۆ سێ مانگ دیاریکراوە و لە 31ی کانوونی یەکەم کۆتایی دێت، بەڵام بەپێی یاسای بودجە و بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامی، دواتر نوێ دەکرێتەوە تاوەکو کێشەکان بە تەواوی چارەسەر دەبن."
 
دۆخی مووچە و داهاتە نانەوتییەکان
 
سەبارەت بە پەیوەندی هەناردەکردنی نەوت و دابینکردنی مووچە، د. حەمدی شنگالی بە تووندی رەخنەی لەو پەیوەندییە گرت و رایگەیاند: "زۆر گوناحە کە مووچەی هاوڵاتیان بە هەموو کێشەیەکەوە ببەسترێتەوە. مووچە قووتی خەڵکە و نابێت یاری بە ژیانی خەڵک بکرێت. ئەگەر کێشەیەک لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا هەبێت، نابێت هاوڵاتی باجەکەی بدات."
 
د. حەمدی داوای لە حکومەتی عێراق کرد کە رێز لە دەستوور بگرێت و دەستکاری نەکات، هەروەها پرسی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی بە بابەتێکی گرنگ و چارەسەرنەکراو وەسفکرد، کە پێویستە بە زووترین کات یەکلایی بکرێتەوە.