لە دیالە دوو برا پێکەوە دەبنە پەرلەمانتار

 
رووداو دیجیتاڵ 
 
لە پارێزگای دیالە دوو برا کە پێکەوە لەنێو یەک لیست بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق خۆیان بەربژێر کردبوو دەرچوون و دەبنە پەرلەمانتار.
 
رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی هادی عامری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای دیالە 105 هەزار و 225 دەنگی هێناوە و سێ کورسی بەدەستهێناوە.
 
لەو لیستەدا دوو برا خۆیان بەربژێرکردبوو، هومام عەلی مەهدی ئەحمەد تەمیمی 16هەزار و 996 دەنگ و موسەننا عەلی مەهدی ئەحمەد تەمیمی، پارێزگاری پێشووی دیالە 14هەزار و 527 دەنگیان بەدەستهێناوە وبەگوێرەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەردووکیان دەرچوون و دەبنە پەرلەمانتار.
 
رێکخراوی بەدر دەنگی یەکەمی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێناوە، دواتر پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی لە دیالە 101602 دەنگ؛ هاوپەیمانی سەروەریی 77هەزار و 458 دەنگ؛ بزوونەوەی سادیقوون 55324 دەنگ؛ هاوپەیمانی عەزم 53هەزار و 416 دەنگ؛سابیتوون 30412 دەنگ و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان 29هەزار و 44 دەنگ هێنابوو، وێڕای ئەو دەنگانەش، بەڵام یەکێتی لەو پارێزگایە  هیچ کورسییەکی بەدەستهێناوە.  هەرچی پارتی دیموکراتی کوردستانە توانی تاکە بەربژێرەکەی خۆی لەنێو هاوپەیمانی عەزم  بە کۆتای ژن سەربخات بەناوی نازک ئەحمەد، کە  7921 دەنگی بەدەستهێناوە.
 
رۆژی یەکشەممە دەنگداتی تایبەت  و رۆژی سێشەممە 11-11-2025 پرۆسەی دەنگدانی گشتی  بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو.
 
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە (12-11-2025) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی بڵاوکردەوە.