کێ یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەبات؟

رووداو دیجیتاڵ

بەربژێرێکی براوەی هاوپەیمانیی 'تصميم' لە پارێزگای بەسڕە، کە تەمەنی 77 ساڵە و بەتەمەنترینی دەرچووانە، سەرۆکایەتیی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەکات.
 
دوای راگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و کۆتاییهاتنی ماوەی وەرگرتنی تانە و سکاڵاکان، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەنجامەکان پەسند دەکات. دوای ئەوە یەکەمین دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، لە دانیشتنەکەدا پەرلەمانتاران سوێندی دەستووریی دەخۆن و دواتر دەست بە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی دەکرێت.
 
عامر حوسێن جاسم فایز، کە بەتەمەنترین پەرلەمانتارە لە خولی شەشەمی پەرلەمانی 2025، تەمەنی 77 ساڵە، ئەندامی پێشووی خولی پەرلەمانی عێراق بوو، بەربژێری براوەی هاوپەیمانیی 'تصميم' لە پارێزگای بەسڕە، 8565 دەنگی بەدەستهێناوە.
 
کەسە بەتەمەنەکانی پەرلەمان کە سەرۆکایەتیی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانیان کردووە 2005-2021
 
خولی یەکەمی پەرلەمانی عێراق 2005
 
بەتەمەنترین ئەندامی خولەکە، عەدنان پاچەچی کۆچکردوو، ئەوکات تەمەنی 82 ساڵ بوو.
 
خولی دووەمی پەرلەمانی عێراق 2010
 
 بەتەمەنترین ئەندامی خولەکە، فوئاد مەعسووم بوو، تەمەنی ئەوکات 72 ساڵ بوو، دواتریش بە سەرۆککۆماری عێراق هەڵبژێردرا.
 
خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق 2014
 
مەهدی حافزی کۆچکردوو، بەتەمەنترین ئەندام بوو، تەمەنی ئەوکاتی 71 ساڵ بوو.
 
خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق 2018 
 
محەممەد عەلی زەینی، بەتەمەنترین ئەندام بوو، تەمەنی نزیکەی 79 ساڵ بوو.
 
خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق 2021
 
مەحموود مەشهەدانی بوو، تەمەنی 73 ساڵ بوو، لە کاتی دانیشتنەکەدا باری تەندروستی تێکچوو.
 
هەنگاوەکان و ماوەی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق
 
بەگوێرەی رێکارە دەستوورییەکانی عێراق، پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ دوای هەڵبژاردنەکان، ئەو ماوەیەی پێویستە بریتییە لە 130 بۆ 150 رۆژ و چەند قۆناخێک لەخۆدەگرێت.
 
قۆناخی یەکەم، پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، 40 بۆ 60 رۆژ دەخایێنێت.
 
دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان، وەک فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق روونیکردووەتەوە، سەرۆککۆمار لە ماوەی 15 رۆژدا داوای کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکات. لە یەکەم دانیشتندا، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت.
 
دواتر پەرلەمان لە ماوەی 30 رۆژدا سەرۆککۆمارێکی نوێ هەڵدەبژێرێت. پاشان سەرۆککۆماری نوێ لە ماوەی 15 رۆژدا بەربژێری گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێرێت. لە کۆتاییدا سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو 30 رۆژی لەبەردەست دەبێت بۆ ئەوەی کابینەکەی پێکبهێنێت و متمانەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.
 
بەپێی ئەو عورفە سیاسییەی لە ساڵی 2005ـەوە لە عێراق پەیڕەو دەکرێت، سەرۆکی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی عەرەبی سوننە، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بۆ شیعە و جێگری دووەمیش بۆ کورد دەبێت.