بەرپرسی لقی 14ی پارتی لە موسڵ: هەندێک لایەن ملیۆنان دۆلاریان لە کڕینی دەنگ خەرجکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی لقی 14ی پارتی لەبارەی سەرکەوتنی حیزبەکەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا دەڵێت، خەڵک لە نەینەوا پارتی بە حیزبی رەسەن دەزانن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''هەندێک لایەن بە ملیۆنان دۆلاریان بۆ کڕینی دەنگ خەرج کرد.''
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13-11-2025، خەسرۆ گۆران، بەرپرسی لقی 14ی پارتی لە موسڵ لەبارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە کاوە عومەر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''لیستی پارتی لە بازنەی نەینەوا براوەی یەکەم بوو، چونکە پێگەیەکی بەهێزمان لە موسڵ هەیە و خەڵکێک هەن لیستی پارتی بە لیستێکی مێژوویی، جیدی و رەسەن هەژمار دەکەن.''
 
خەسرۆ گۆران لەبارەی هۆکاری سەرکەوتنی حیزبەکەی لە بازنەی نەینەوا ئەوەشی خستەڕوو، ''لە موسڵ لایەنگرانی پارتی باش دەزانن، کە تەمەنی ئەو حیزبە نزیکەی 80 ساڵە، بەڵام ئەو لیستانەی دیکەی کە دەیانەوێت رکابەرایەتیی پارتی بکەن، تەمەنیان هەشت مانگە و تەنیا کاتی هەڵبژاردن پەیدا دەبن، دوای پڕۆسەکەش دەتوێنەوە.''
 
لە بازنەی نەینەوا پارتی پێنج کورسیی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێناوە. بەرپرسی لقی 14ی پارتی لە موسڵ جەختی لەوە کردەوە، ''هەموو کات موسڵ بۆ ئێمە گرنگ بووە، هیوادارم ئەو سەرکەوتنەی بەدەستمان هێناوە، بیقۆزینەوە بۆ ئەوەی پێگەی پارتی فراوانتر بکەین لە موسڵ و بتوانین متمانەی ئەو خەڵکە زیاتر بکەین.''
 
بەو پێنج کورسییە، لیستی پارتی لە نەینەوا براوەی یەکەم بوو. خەسرۆ گۆران دەڵێت، ''ئەم جارە هەڵمەتێکی زۆر بەهێزمان لە موسڵ کرد. جگە لەوەش ئەو بەڵێن و بەرنامانەی کە پارتی لەسەری دەڕوات، بووەتە جێگەی متمانەی خەڵک. وەک ئاشتەوایی، پێکەوەژیان و کردنەوەی دەروازەکانی کوردستان بۆ خەڵکی ئەو پارێزگایە لەکاتی تەنگانەدا.''
 
وەک بەرپرسی لقی 14ی پارتی لە موسڵ دەڵێت، لە داهاتوودا کاری پەرلەمانتارانیان لە بەغدا لەسەر بنەمای هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان دەبێت و ''ئەوەش نێوەرۆک و بنەمای دەستوور لەخۆدەگرێت. ئێمە هیچ بەڵێنێک نادەین کە بزانین جێبەجێ ناکرێت.''
 
خەسرۆ گۆران ئاماژەی بە کڕینی دەنگی خەڵک لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسییەوە کرد و گوتی ''ئێمە هیچ پارەیەکمان بۆ دەنگکڕین خەرج نەکردووە، بەڵام هەندێک لایەنی دیکە هەن بە ملیۆنان دۆلاریان خەرج کرد، بۆ ئەوەی دەنگی خەڵک بکڕن. ئەوەش بووەتە دیاردەیەکی زۆر خراپ''.
 
پەرلەمانی عێراق 329 کورسی هەیە، کە 9ـیان کورسیی کۆتان. بەرپرسی لقی 14ی پارتی لە موسڵ ئاماژەی دا، ''لە سەرانسەری عێراق، پێنج لایەنی سیاسی کە کورسییان بردووەتەوە، بە دۆستی پارتی دادەنرێن.''
 
پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی نەینەوا 170 هەزار و 373 دەنگی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا بەدەستهێنا، کە رۆژی 09-11-2025 دەنگدانی تایبەت و دوو رۆژ دواتر دەنگدانی گشتی کرا. 
 
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییە فەرمییەکانی کۆمیسیۆن، ژمارەی کورسیی لایەنە کوردستانییەکان بەم شێوەیەیە:
 
- پارتی دیموکراتی کوردستان: 27
- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 18
- رەوتی هەڵویست: 5 کورسی
- جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 3 کورسی
- یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 4 کورسی
- کۆمەڵی دادگەریی کوردستان:1 کورسی