سەدر داوا لە لایەنگرانى دەکات دەستدرێژیى نەکەنە سەر 'هەڵبژاردنى گەندەڵى'
رووداو دیجیتاڵ
رێبەری رەوتی سەدر، داواى لە لایەنگرانى کرد کە دەستدرێژى نەکەنە سەر هەڵبژاردنەکان کە بە "هەڵبژاردنى گەندەڵى" ناوى دەبات و دەڵێت "پارێزگارى لە ئاسایش و سەقامگیریى عێراق بکەن."
رۆژی 13ـى کانوونى یەکەمى 2023، موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر، پەیامێکى لەبارەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئێمە کەسانێکین خۆمان پاکدەکەینەوە لە گڵاوى گەندەڵییەکانیان و گەمەى هەڵبژاردنیان و ئەوان کەسانێکن خراپەکارى دەکەن و خوداش خراپەکارى خۆش ناوێت."
موقتەدا سەدر لەو پەیامەیدا کە ئاراستەى لایەنگرانى کردووە، داواى کرد کە دەستدرێژى نەکەنە سەر هەڵبژاردنەکەیان کە بە "هەڵبژاردنى گەندەڵى" ناوى بردووە و پارێزگارى لە ئاسایش و سەقامگیریى عێراق بکەن، وەک چۆن ئەمیرى بڕواداران [عەلى کوڕى ئەبو تاڵیب]، پارێزگاریى لە سەقامگیریی کرد، لە دواى ئەوەى بە گوتەى سەدر خەلافەتیان لێ زەوتکرد.
موقتەدا سەدر دەڵێت، "عێراق و ئایین و مەزهەب لە ئەستۆتاندایە."
ئەو پەیامەی موقتەدا سەدر لە کاتێکدایە، بڕیارە رۆژی 16ـی ئەم مانگە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت و 18ـی مانگیش دەنگدانی گشتی.
رێبەری رەوتى سەدر لە چەند بۆنەیەکدا ئاماژەى بەوەداوە کە بایکۆتى دەنگدانى ئەو هەڵبژاردنە دەکات، کە یەکەمجارە لەدواى ساڵى 2009 ئەو رەوتە بایکۆتى ئەو هەڵبژاردنە بکات.
لە ساڵی 2013 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق نەکراوە، لە پارێزگای کەرکووکیش لە دوای ساڵی 2005 ئەو هەڵبژاردنە نەکراوە.