لە عێراق ئەپێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی گێچەڵی ئەلیکترۆنی دەخرێتە کار

 
رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی گێچەڵی ئەلیکترۆنی، ئەپڵیکەیشنێکی بەناوی 'ئەمین' خستەکار و گوتەبێژی دەزگاکەش دەڵێت، "هاووڵاتی رێگەیەکی سەلامەت، خێرا و پارێزراوی لەبەردەست دەبێت."
 
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 13-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم پڕۆژەیە وا لە هاووڵاتی دەکات دڵنیایی بۆ بگەڕێتەوە، کە وای لێبکات رێگەیەکی سەلامەت و خێرا و پارێزراوی هەبێت لە کاتی گێچەڵدا."
 
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گوتیشی، "سیستمێکی تایبەتمەندە بە چارەسەری ئەو بابەتەی لە گێچەڵی ئەلیکترۆنیدا بەکارهاتووە، راستەخۆ هەر ڤیدیۆ و وێنەیەک یان داتایەک بڵاوبکرێتەوە، سیستمەکە دەینێرێت بۆ تیمی پسپۆڕ، ئەوانیش بە شێوەیەکی نهێنی دەیپارێزن و خێرا وەڵامیان دەبێت."
 
ئەرشەد حاکم باسی لەوەش کرد، "هاووڵاتی چیدی پێویستی بەوە نابێت لەکاتی بوونی کێشە سەردانی فەرمانگەکەمان بکات، لەکاتی بوونی حاڵەتی گێچەڵی ئەلیکترۆنی، سیستمی ئەمین راپۆرتی ئاگادارکردنەوە دەنێرێت بۆ تیمەکە و بە بەرزترین ئاستی پاراستن و بەپێی رێکارە یاساییەکان."
 
بە گوتەی ئەرشەد حاکم، بۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان خوار 18 ساڵە، دەزگاکە چارەسەری داناوە و رێگە لە بڵاوبوونەوەی بابەتەکە دەگرێت. بەرنامەکە بە زیاتر لە زمانێک کاردەکات و لە رێگەی ژمارە مۆبایلی تایبەت بە بەکارهێنەر و ژمارەی نهێنی بەکاردەهێندرێت.
 
حاڵەتەکە لە ماوەی 24 بۆ 48 کاژێردا و دوای پێشکێشکردنی بەڵگەی پێویست چارەسەر دەکرێت و کەسی گێچەڵپێکراو لە رێگەی سیستمەکەوە لە هەنگاوەکانی سکاڵاکەی ئاگادار دەکرێتەوە.
 
بەگوێرەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق، تەنیا لەمانگی رابردوودا 40 کەس بەتۆمەتی گێچەڵی ئەلیکترۆنی و ناوزڕاندن لە پارێزگاکانی عێڕاق دەستگیرکراون.
 
بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی، کەمتر لە 40%ـی وڵاتانی جیهان، یاسای گونجاویان هەیە بۆ پاراستنی ژنان و کچان لە گێچەڵی ئەلیکترۆنی، نزیکەی 44%ـی ژنان و کچان لە سەرتاسەری جیهان، واتە نزیکەی ملیارێک و 800 ملیۆن ئافرەت، هیچ پارێزبەندییەکی یاساییان نییە.