سەرچاوەکانی ئاوی عێراق: 750 ملیۆن مەتر سێجا ئاومان گلداوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێ، لەم شەپۆلە بارانبارینەدا توانیویانە بە سەرکەوتوویی کارەکانیان راپەڕێنن و زیاتر لە 750 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەکاندا گلبدەنەوە.
خالید شیمال، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتەکەی لەڕێگەی پلانێکی پێشوەختە و بە پشتبەستن بە پێشبینییەکانی کەشوهەوا و داتای مانگە دەستکردەکان، توانیویەتی ئاڕاستەی ئاوەکان "بە باشترین شێوە" کۆنترۆڵ بکات.
زیادبوونی یەدەگی ئاو
بەگوێرەی گوتەبێژەکەی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، ئەنجامی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم شەپۆلە تاوەکو ئێستا بەم شێوەیە بووە:
- بەنداوەکان: یەدەگی ئاوی بەنداوەکانی عێراق زیاتر لە 750 ملیۆن مەتر سێجا زیادی کردووە.
- تەکنیکی هەڵگرتن: بەهۆی کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی ئاو لە کۆگاکانی هەڵگرتن، توانراوە زیاتر لە 120 ملیۆن مەتر سێجای دیکە پاشەکەوت بکرێ.
پشکی سەرسار و زۆنگاوەکان
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، شەپۆلەکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بووژانەوەی دەریاچە و زۆنگاوەکان هەبووە، بەجۆرێک یەدەگی ئاوی دەریاچەی سەرسار بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان زیاتر لە 200 ملیۆن مەتر سێجا زیادی کردووە؛ هەروەها زۆنگاوەکان لە باشووری عێراق کە پێشتر بەدەست وشکبوونەوە دەیانناڵاند، بە هەبوونی زیاتر لە 30 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بووژێندراونەتەوە.
دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر بەسرە
خالید شیمال دەڵێ، پشکێکی باشی شەپۆلەکە بۆ پارێزگای بەسرە بووە، بەجۆرێک زیاتر لە 35 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گەیشتووەتە ئەو پارێزگایە و ئەوەش کاریگەری هەبووە بۆ دوورخستنەوەی چینی خوێ لەسەر شەتولعەرەب و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییانی پارێزگاکە.