گۆتێرێز لە بەغداوە کۆتاییهاتنی ئەرکی یونامی رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی شەممە لە بەغدا کۆتاییهاتنی ئەرکی یونامی لە عێراق راگەیاند.
لەسەر داوای بەغدا، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق دوای 22 ساڵ کۆتایی بە کارەکانی دەهێنێت.
نێردە سیاسییەکە لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی 2003ـەوە دەستی بە کار کرد بۆ ئەوەی پشتیوانی لە پڕۆسەی سیاسی بکات.
گۆتێرێز لە رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی ئەرکی نێردەکەدا رایگەیاند: "یونامی سەربەرزە کە شانبەشانی گەلی عێراق هەنگاوی ناوە؛" گوتیشی: "ئەرکی نێردەکە کۆتایی دێ، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان هەمیشە شانبەشانی گەلی عێراق دەمێنێتەوە لە رێگەی گەیشتن بە ئاشتی، گەشەپێدانی بەردەوام و مافەکانی مرۆڤ."
ئاژانس و پرۆگرامەکانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەردەوام دەبن لە کارەکانیان.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، گۆتێرێز رایگەیاند: "شتێک هەیە کە دەبێت جیهان لێی تێبگات، ئەویش ئەوەیە کە عێراق ئێستا وڵاتێکی ئاساییە."
هەروەها گوتی: "بە کۆتاییهاتنی ئەرکی یونامی، پەیوەندییەکانی نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق دەبنە پەیوەندییەکی ئاسایی."
سوودانی ئاماژەی بەوەشکرد، کۆتاییهاتنی ئەرکی یونامی "سەرەتای قۆناخێکی نوێی پێکەوەکارکردنە؛" گوتیشی: "پەیوەندیمان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێگەی یونامییەوە، گرنگ و کاریگەر بوو لە پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی عێراق و پاڵپشتیکردنی تاوەکو گەیشتە قۆناخی پشتبەخۆبەستنی تەواو."
یونامی بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و لەسەر داوای حکومەتی عێراق دامەزرا.
ماوەیەکی کەم دوای دامەزراندنی، لە 19ی ئابی 2003، بارەگای سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو کرایە ئامانج، لە ئەنجامدا سێرجیۆ ڤیێرا دێ مێلۆ، یەکەم نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لەگەڵ 21 کەسی دیکەدا گیانیان لەدەستدا.
ئەرکەکانی یونامی بریتی بوون لە راوێژدان بە حکومەت لەبارەی گفتوگۆی سیاسی و ئاشتەوایی نیشتمانی، هەروەها یارمەتیدان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و چاکسازی لە کەرتی ئەمنیدا.
بەڵام لەگەڵ ئاساییبوونەوەی رەوشی عێراق لە ساڵانی رابردوودا، بەرپرسانی عێراق دەڵێن، چیدیکە هۆکار بۆ مانەوەی نێردەی سیاسیی نەتەوە یەکگرتووەکان نەماوە.