لە بەغدا پێکدادان لەنێوان پۆلیس و ژمارەیەک چەکداری سەرایاسەلام روویدا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزێکی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق 9 چەکداری لە ناوچەی شەعب لە بەغدا دەستگیر کرد، کە هێرشیان کردبووە سەر کارمەندێکی بەنزینخانە. لەکاتی دەستگیرکردنەکەدا، لەنێوان پۆلیس و چەکدارەکاندا رووبەڕووبوونەوە روویدا و تەقەیان لە یەکدی کرد.

بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، چەکدارەکان لە ناوچەی شەعب لە رۆژهەڵاتی بەغدا، هێرشیان کردبووە سەر کارمەندێکی بەنزینخانەیەک. هێزە ئەمنییەکان دوای وەرگرتنی زانیاری، دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، بەڵام چەکدارەکان کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد سەر بە گرووپی "سەرایا سەلام"ن، رووبەڕووی هێزەکان بوونەوە و تەقەیان لێکردن.
 
دوای روودانی شەڕەتەقە، پۆلیسی فیدراڵی توانیی کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات و 9 چەکدارەکە دەستگیر بکات، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی بەر هێزە ئەمنییەکان بکەوێت.
 
لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیرکراوەکان بەردەوامە بۆ زانینی هۆکاری هێرشەکە و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەریان.