عێراق داوا لە ئۆکراینا دەکات دیلەکانی رادەست بکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی عێراقییەکانی بەشدار لە شەڕی رووسیا- ئۆکراینا دەستپێکردووە و وەکو یەکەم هەنگاویش دەیەوێت چوار دیلی دەست ئۆکراینییەکان بگەڕێنێتەوە.
سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی عێراق رۆژی چوارشەممە، 14ی کانوونی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە فەرمی داوامان لە ئۆکراینا و رووسیا کردووە ئەو عێراقییانەمان رادەست بکەنەوە، کە لە جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەشدارن."
ئەو سەرچاوەیە گوتی: "چوار هاووڵاتی عێراقی، کە لە ریزەکانی سوپای رووسیا شەڕیان کردووە، لەلایەن سوپای ئۆکرایناوە بە دیل گیراون و وەکو یەکەم هەنگاو داوامان لەو وڵاتە کردووە رادەستمان بکەنەوە."
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو چوار هاووڵاتییە زیاتر لە ساڵێکە چوونەتە ریزی سوپای رووسیاوە و بەشدارییان لە چەندین ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا کردووە و لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی جیاوازدا بە دیل گیراون.
24-12-2025، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەدان عێراقی لە شەڕی رووسیا و ئۆکراینا بەشدارن و لیژنەیەکیان بۆ گەڕاندنەوەیان پێکهێناوە.
لە 26ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووشدا، گەنجێکی پارێزگای واست لە رووسیا کوژرا، کە لە ریزی سوپای ئەو وڵاتەدا بەشداریی لە شەڕ لە دژی سوپای ئۆکراینادا کردووە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و راوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە 24ی کانوونی یەکەمی 2020، لەبارەی چارەسەری دۆخی ئەو عێراقییانەی بۆ شەڕ چوونەتە رووسیا، کۆبوونەوە.
فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند، یاسای سزادانی عێراق سزای بەندکردنی ئەو کەسانە دەدات، کە پەیوەندی بە هێزی چەکداری دەوڵەتێکی دیکەوە دەکەن بەبێ رەزامەندیی حکومەتی عێراق.
لە ساڵی 2022ـەوە جەنگ لە نێوان رووسیا و ئۆکراینادا دروست بووە و سەدان هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون.