کێبڕکێی پۆستی سەرۆککۆمار؛ لە 81 بەربژێر تەنیا 13 ماونەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

پڕۆسەی وردبینی لە سیڤی و بەڵگەنامەی بەربژێرانی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی؛ لە کۆی 81 بەربژێر، تەنیا 13 کەس لە کێبڕکێکەدا ماونەتەوە و زۆرینەی ئەوانی دیکە بەهۆی "نەبوونی ئەزموونی سیاسی" و "بوونی دۆسیەی یاسایی" دوورخراونەتەوە.
 
د. موسەننا ئەمین، یەکێک لە بەربژێرانی پۆستی سەرۆککۆمار، ئەمڕۆ چوارشەممە 14-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەلایەن فەرمانگەی یاسایی پەرلەمانی عێراقەوە ئاگادار کراوەتەوە، کە پێویستە بەڵگەنامەی دیکە بۆ پشتڕاستکردنەوەی رەگەزنامەی دایکی پێشکێش بکات، کە بیسەلمێنێت دایک و باوکی عێراقین.
 
د. موسەننا ئەمین بە سەرسوڕمانەوە ئاماژەی بەوە کرد، "باوکم لە ساڵی 2009وە کۆچی دواییکردووە و کارتی نیشتمانیشی نییە، داوای بەڵگەنامەی راستاندنی ئەویان نەکردووە، کەچی داوای بەڵگەنامەی دایکم دەکەن، کە ئەویش چەند مانگێک لەمەوبەر کۆچی دواییکردووە و کارتی نیشتمانیی هەیە."
 
بۆیە د. موسەننا ئەمین ئەمڕۆ چوارشەممە چووەتە بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامەی سلێمانی بۆ تەواوکردنی رێکارەکان و پێدانی نووسراوێکی راستاندن، تاوەکو بۆ لیژنەکەی ببات.
 
سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی لە کێبڕکێکەدا ماونەتەوە، د. موسەننا ئەمین گوتی، "لە کۆی 81 بەربژێر، زیاتر لە 60یان دووخراونەتەوە، کە زۆربەیان بەهۆی نەبوونی ئەزموونی سیاسییەوە رەتکراونەتەوە."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئێستا 13 بەربژێر ماون.
 
هاوکات د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، یەکێکی دیکە لە بەربژێرەکان ئەمڕۆ چوارشەممە 14-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کەسانەی کەموکوڕی لە بەڵگەنامەکانیاندا هەبووە، تاوەکو رۆژی یەکشەممە مۆڵەتیان پێدراوە تەواوی بکەن. ئەویش ئاماژەی بەوەش کرد، کە زیاتر لە 60 بەربژێر بەهۆی نەبوونی ئەزموونی سیاسی، بوونی دۆسیەی تاوان، یان پرسی لێپرسینەوە و دادپەروەری (بەعس) و بڕوانامەی خوێندن دوورخراونەتەوە.
 
عەلیاوەیی، کە چەندین ساڵ وەک راوێژکار لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق کاری کردووە و ئێستا راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراقە باسی لەوەش کرد "بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی سەرپەرشتیاری پرۆسەکە کۆبێتەوەو پێشبینی دەکرێت دوای نیوەڕۆ ناوی بەربژێرە پەسندکراوەکان رابگەیێنرێت".
 
مەلا بەختیار یەکێکە لە بەربژێرە دوورخراوەکان، نووسینگەی تایبەتی مەلا بەختیار، سیاسەتمەداری ناسراوی کوردستان، رۆژی سێشەممە 13-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوورخستنەوەکە راستە، بەڵام سێ رۆژ دەرفەتی تانەدان هەیە و بەهۆی ئەوەی پشوویەکی تێدەکەوێت، چوار رۆژ کاتمان هەیە و تاوەکو یەکشەممە تانەی لێدەدەین."
 
هۆکاری رەتکردنەوەی بەربژێربوونی مەلا بەختیار دوو خاڵی سەرەکی بووە، یەکەمیان ناسنامەی دایکی و دووەمیش بڕوانامەیەک، کە ئەو سیاسەتمەدارەی هەرێمی کوردستان ساڵی 2013 بەدەستیهێناوە.
 
نووسینگەکەی مەلا بەختیار دەڵێت، "کاک بەختیار بڕوانامەی دیکەی هەیە، لەو رۆژانەی لەبەردەستدان لەگەڵ ناسنامەی دایکیان رادەستی لایەنی پەیوەندیدار دەکرێت و بەربژێربوونەکەی دەکرێتە فەرمی."
 
یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە فەرمی نزار ئامێدی و پارتی دیموکراتی کوردستان هەریەک لە فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی بۆ ئەو پۆستە بەربژێرکردووە.
 
پڕۆسەی وەرگرتنی سیڤیی بەربژێرەکان رۆژی 5ی کانوونی دووەمی 2026 کۆتاییهات. سەفوان گەرگەری، ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، وردبینییەکی چڕ بۆ سیڤییەکان دەکرێت و بەشێکی زۆریان لەبەر نزمیی بڕوانامە و پاشخانی سیاسی رەتدەکرێنەوە.
 
بەگوێرەی دەستوور، دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا دوای یەکەم دانیشتنی پەرلەمان (کە لە 29-12-2025 بەڕێوەچوو)، سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت.
 
بەپێی ماددەی 70ی دەستوور، پەرلەمان بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی، سەرۆککۆمار هەڵدەبژێرێت. ئەگەر هیچ بەربژێرێک ئەو رێژەیەی بەدەستنەهێنا، ئەوا کێبڕکێ لەنێوان ئەو دوو بەربژێرەدا دەکرێت، کە زۆرترین دەنگیان هێناوە و لە گەڕی دووەمدا هەرکامیان زۆرترین دەنگ بهێنێت، دەبێتە سەرۆککۆماری نوێی عێراق.