رێکخراوی کۆچ: زیاتر لە 64 هەزار ئاوارەی عێراق گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان


رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ دەڵێت، لە سێ مانگی رابردوودا زیاتر لە 64 هەزار ئاوارە لە عێراق گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان. کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤیش ئاماژە بەوە دەکات، لە ساڵی 2026ـدا کار بۆ داخستنی یەکجاریی کەمپەکان دەکرێت.

ئۆڵگا برزنکۆڤا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ رایگەیاند، "لە سێ مانگی رابردوودا، 64 و 818 ئاوارە گەڕاونەتەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان."
 
برزنکۆڤا ئاماژە بەوە دەکات، زۆرترین ئەو پارێزگایانەی میوانداریی ئاوارەیان کردووە پارێزگاکانی نەینەوا، دهۆک، هەولێر، کەرکووک، سلێمانی، بەغدا، سەڵاحەدین و ئەنبارن.
 
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوەکە، زۆرترین چڕیی ئاوارەکان لە شار و قەزاکانی (هەولێر، سێمێل، موسڵ، کەرکووک، سلێمانی، زاخۆ، شنگال، شێخان، ئاکرێ و دهۆک) تۆمار کراوە. لە بەرامبەردا، پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین و ئەنبار لە سەرووی لیستی ئەو ناوچانەن کە زۆرترین گەڕانەوەیان تێدا تۆمار کراوە، بەتایبەت لە قەزاکانی موسڵ، رومادی، فەللوجە و تەلەعفەر.
 
%11ی ئاوارەکان لە کەمپەکاندان
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی رێکخراوی کۆچ جەختی لەوە کردووەتەوە، "81%ـی ئاوارەکانی عێراق لەناو شار و کۆمەڵگەکاندا لە خانوو و شوێنی تایبەتدا دەژین، لەکاتێکدا تەنیا 11%ـیان لەناو کەمپەکاندان و 8%ـیشیان لە شوێنی نەگونجاو یان کەمپی هەڕەمەکیدا نیشتەجێن."
 
هاوکات، سەرمەد بەدری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی راپۆرتەکانی ساڵی 2025 و پلانی نیشتمانی، ئێستا تەنیا 20 کەمپی ئاوارەکان ماون کە هەموویان دەکەونە ناو هەرێمی کوردستان و نزیکەی 102,000 کەسیان تێدایە."
 
ئاستەنگەکانی بەردەم گەڕانەوە و گۆڕانی کەشوهەوا
 
بەگوێرەی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق چەند ئاستەنگێکی سەرەکی هەن کە رێگرن لە بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان، لەوانە:
 
- نەبوونی سەقامگیری لە هەندێک ناوچە، وەک شنگال.
- کەمی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو، کارەبا و تەندروستی لە گوند و ناوچە ئازادکراوەکان.
- دواکەوتنی پێدانی قەرەبووی دارایی بۆ ئەو خانووانەی کە بەهۆی شەڕەوە وێران بوون.
- کێشەی بەڵگەنامە کەسییەکان، "هەزاران ئاوارە بەدەست بێ ناسنامەییەوە دەناڵێنن و بەو هۆیەشەوە لە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و پەروەردە بێبەشن."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق باسی لە ئاوارەبوون بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا کرد و گوتی، "وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا لە ساڵانی رابردوودا بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی پارێزگاکانی باشوور وەک پارێزگاکانی زیقار، میسان و دیوانییە، کە ئێستا لە دەوروبەری شارەکان لە دۆخێکی سەختدا دەژین."
 
پلانی 2026
 
کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ جەخت دەکاتەوە، کار دەکەن بۆ ئامادەکردنی پلانێکی گشتگیر لە ساڵی 2026 بە مەبەستی داخستنی یەکجاریی دۆسیەی کەمپەکان. "پلانەکە کار دەکات بۆ ئاسانکاریی تێکەڵبوونی ئەو ئاوارانەی ناتوانن بگەڕێنەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێستایان، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە نابێت هیچ گەڕانەوەیەکی زۆرەملێ هەبێت و پێویستە ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ ئاوارەکان دابین بکرێت."